"تا سەربەخۆیی، گفتوگۆ كردن لهگهڵ بهغدا لە قازانجی هەرێمه"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بەسیاسی كراوە، چونكە لەوەتەی (هۆشیار زێباری) بووەتە وەزیری دارایی، سەرقاڵی كۆكردنەوەی قەرزە بۆ عێراق، هەروەها سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا، لە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بوو.
(شوان محەممەد تەها) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لێپرسینەوە كارێكی زۆر ئاساییە، دەتوانین بڵێین لە كارە هەرە سەرەكییەكانی پەڕلەمانە، بەڵام بە مەرجێك لێپرسینەوە، پاكسازی و ڕاستەڕێكردنی كاری ئیداری بێت لە حكوومەتدا، نەك سیاسی بێت و هەندێك لایەن لە پشتییەوە بن، ئەوەی لە بەرانبەر وەزیری بەرگری كرا، ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بوو، ئەوەی لە بەرانبەر بە وەزیری داراییش دەكرێت، هەمان شتە، چونكە ئەگەر تەماشای بكەین لە كەمتر لە ماوەی ساڵێكدا دوو جار لێپرسینەوە لە وەزیری بەرگریی عێراق كرا، لە كاتێكدا شەڕ و سەركەوتن هەبووە، لە لایەكی دیكەوە لەوەتەی وەزیری دارایی دەستی بە كار كردووە، خەریكی كۆكردنەوەی قەرزە بۆ عێراق، ئینجا دێن لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن".
(تەها) گوتیشی: "هەموو سەردانێك چ لەسەر ئاستی حكوومەت، چ لەسەر ئاستی حزب، بەڵام بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان بێت، بە قازانجی هەر دوو لا دەكەوێتەوە، چونكە ئێمە كۆمەڵێك كێشەمان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا هەن، قسەكردن لەسەر ئەو بابەتانە بە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە، چونكە ئێمە هیچ شتێكمان لە بەردەستدا نییە، تەنیا گفتوگۆ كردن نەبێت، تا ئەو كاتەی كوردستان سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت".
ڕابین شێروانی




