شاخەوان عەبدوڵڵا: هەوڵ دەدرێ كەركووك لە هەڵبژاردن بێبەش نەكرێت

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، وەكو پەرلەمانتارێكی شاری كەركووك قسەیان لەسەر بابەتی هەڵبژاردن لە شاری كەركووك لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە، تا شاری كەركووك لە هەڵبژاردن بێبەش نەكرێت.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "وەكو پەرلەمانتارێكی شاری كەركووك قسەمان لەسەر بابەتی هەڵبژاردن لە شاری كەركوك كردووە و، لە بەغدا هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین و لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانیش لەسەر ئەو بابەتە قسەمان كردووە تا رێگایەك بدۆزینەوە، چونكە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق گفتوگۆمان كردووە و دەڵێن دەبێت یاسایەكی تایبەت بەم بابەتە دەربكرێت."
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "ئەوەی بەربەستە، دەبێت رێككەوتنێك لەبارەی ئەو یاسایەوە بكرێت كە ئەو رێككەوتنە لە ئێستادا زەحمەتە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین و بەردەوامین لە هەوڵەكانمان تا شاری كەركووك لە هەڵبژاردن بێبەش نەكرێت".
نەشوان بەرزنجی




