سیرینی: ئەوانەی پیلان دژی پارتی دادەنێن تووشی ڕیسوایی دەبن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ڕابەرایەتیی كورد و كاركردنی پارتی وەك بەدیهێنەری تێكڕای ئامانجەكانی گەلی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانەی لە كوردستان هەیە، لەگەڵ پرۆسەی سەربەخۆیی، وای كردووە پیلان دژی پارتی دابنرێت، بۆیە ئەوانەی پیلان دژی پارتی دادەنێن، با دڵنیا بن ناتوانن هیچ كاتێك چۆك بە پارتی و هەرێمی كوردستاندا بدەن و سەركەوتوو بن.
(د. سیروان سیرینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئێمە دەبێت سەرەتا تەماشا بكەین كە بۆچی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا دەكرێتە ئامانج و ئاكاری دوژمنكارانەی بەرانبەر دەكرێت، هەموو لایەك دەزانن پارتی وەكو گەورەترین حیزب و بەدیهێنەری تێكڕای ئامانجەكانی گەلی كورد و ڕابەرایەتیی ئەو پێشكەوتنانەی كوردستان دەكات و، تا ئەمڕۆیش زۆر بە روونی و لە بەرچاوی هەموو دونیا ڕاستەوخۆیش لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی و ئەورووپا و جیهانیش باسی پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكات، خۆی بە خاوەنی ئەم مافە شەرعییەی گەلی كوردستان دەزانێت، بۆیە لایەنە سیاسیەكانی تر بە تایبەتی عێراقی، لایەنی عەرەبی شیعە و سوننەیش بە چاوی دوژمنكارانە سەیری ئێمە دەكەن كه ئەمەیە هۆكاره كهیه و هەستی پێ دەكەین."
(سیرینی) گوتیشی: "هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقی دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی پارتی، پابەند دەبین بە ئەخلاق و بەها و پرەنسیپەكانی رێبازی كوردایەتی و، هیچ كاتێك موساوەمە ناكەین لەسەر ئامانجە نەتەوەییەكان، بە دڵنیاییەوە ئامانج و پلانی ستراتیژی كوردستان سەربەخۆییە ئەوەی (سەرۆك بارزانی) كاری بۆ كردووە و پێشوەجوونی باشیش لەو بوارەدا بەدەست هاتووە، بەڵام مانای وانییە دەبینە دوژمنی حكوومەتی فیدڕاڵی، بەڵكو دەمانەوێت بە شێوازێكی سەردەمیانە و دیموكراسیانە بەپێی دەستوور و لێكتێگەییشتن لەگەڵ هەموو لایەك بگەین بەو مافە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهشڵیت، ئەوانەی پیلان دژی پارتی دادەنێن، با دڵنیابن ناتوانن هیچ كاتێك چۆك بە پارتی و هەرێمی كوردستاندا بدەن و سەركەوتوو بن، چونكە دواڕاپرسی كە كراوە لە هەرێم، زیاتر لە سەدا 80ـی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ سەربەخۆییدان، بۆیە ئەوانەی كاری وا دەكەن پێویستە بەخۆداچوونەوەیەك بكەن و، ئەگەریش لەسەر ئەو كارانەیان بەردەوام بن، ئەوا تووشی ڕیسوایی دەبن".
نەشوان بەرزنجی




