چاودێرانی سیاسی: ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانە پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن

هەولێر-KDP.info- چاودێران، ئاماژە بەوە دەكەن، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕیفراندۆم بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكرێت، زۆر لە وڵاتانیش پشتگیری لە ئێمە دەكەن و كاریزمایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جۆرێك لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا دروست كردووە، كە وەك سەرۆكی وڵات مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و پێشوازی لێ دەكەن، هەروەها یەكڕیزیی نیشتمانی بە كلیلی چارەسەركردنی كۆی كێشەكان دەزانن.
(موحسێن سەعید) چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "(سەرۆك بارزانی) ماوەیەكی زۆرە ئەو بەرنامەی لە بەردەستدایە، بەرنامەی ڕاپرسی، بەرنامەی بەرەو دەوڵەتبوونی كوردستان، بۆ ئەو كارەیش، كاری زۆر پێویستی كردووە، هەم لە كاتی سەردانی بەرێزیان بۆ وڵاتی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، هەم وڵاتانی ناوچەكە، ئەوەیش ئەوە دەگەیێنێت كە (سەرۆك بارزانی) مكوڕە لەسەر بەرنامەکەی خۆی، كە كوردستان ببێتە دەوڵەت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان، حزب و لایەنە سیاسییەكان لە هەرچوار پارچەی كوردستان، پشت سەرۆكی هەرێم بگرن، چونكە ئەم هەوڵە مەسەلەیەكی حزبی نییە، بەڵكو مەسەلەیەكە چارەنووسی گەلێكی پێوە بەندە، هەموو كوردێکی دڵسۆزیش خاك و وڵاتخۆشەویست، پێی خۆشە كوردستان ببێتە دەوڵەت، كەواتە بۆچی لەو كەسایەتییە ناسراوە خاوەن پێگەیە لە مێژووی سیاسیدا پشتیوانی نەککەین کە شانی داوەتە بەر ئەم کارە؛ ئەوە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە كە هەندێك لایەن، یان كەسانێك هەبن باس لەوە بكەن كە ئەوە بانگەشەی حزبییە! نەخێر هەموو كوردێك كە ئەوە ئاواتیەتی، مادەم ئامانجی هەر تاكێكی كوردە، پێویستە لەو قۆناغەی كە ئێستا ئەو دەرفەتەی بۆ كورد ڕەخساوە، سەركردەیەكی بەهێزیش هەیە، لە ڕووی دیبلۆماسی، سیاسی، پێگەیەكی مێژووییشی هەیە و، شانی داوەتە بەر ئەو كارە، پێویستە هەموو لایەنەكان پشتگیری لێ بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئاواتی خۆی بگات."
(هوزان قادر) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: زۆرجار هەل دەرەخسێت، كورد دەبێت بیقۆزێتەوە، لە زۆر توێژینەوەدا باسمان كردووە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕیفراندۆم بكرێت، وای دەبینم ئەمساڵ زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك شەڕی تیرۆری كردووە و دەكات، زۆر وڵات لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتیشدا پشتمان دەگرن، بەڵام ئەوەی گرنگە لایەنە سیاسییەكان كۆك بن، چونكە ئەوە مەسەلەیەكی ستراتیژیە و پەیوەندی بە دواڕۆژی گەلی كورد هەیە، بۆیە ئەگەر لایەنەكان ئەو دەرفەتە زێڕینە لە کیس بدەن، هەموو لایەنەكان پەنجەی پەشیمانی دەگەزن و هەموومان زەرەر دەکەین؛ دیارە ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە هەموو لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم بكەن و كێشە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و ڕیفراندۆم بكرێت.
گوتیشی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەسایەتی و كاریزمایەكی گەورەی هەیە، لە سایەی بەڕێزیانەوە ئەو هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەمان بۆ دروست بووە، لەبەر كارێزماكەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو تەماشای كورد دەكەن."
(محەمەد دهۆكی) ڕۆژنامەنووس بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پرسی سەربەخۆیی و دیاریكردنی مافی چارەنووس، مافی هەموو میللەتێكە، گەلی كوردیش هەقی خۆیەتی باسی ئەو بابەتە بكات و بڕیار لەسەر دواڕۆژی خۆی بدات، نابێت ئەو بابەتە پەیوەست بكات بە هیچ هۆكارێكەوە و، دەبێت لە هەموو كاتێكدا باس لەو پرسە چارەنووسازە بكەین و بە مافی خۆمان دەزانین. پرسی دیاریكردتی مافی چارەنووس، پرسێكی گەورە و گرنگە بۆ گەلی كورد، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكان زیاتر لە هەموو پرسەكانی دیكە، كێشە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ڕیزەكانمان یەك بخەینەوە و یەكهەڵوێست بین، بۆ ئەوەی كاتێ ڕووبەڕووی ئەو پرسە دەبینەوە كاری لەسەر بكەین، چونكە ئەركی سەرشانی هەموو تاكێك و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن."
ڕابین شێروانی




