بەلۆ: هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، لە بەرژەوەندیی هەولێر و بەغدادایە

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی نەوت و غاز پێی وایە، تا یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچێت، عێراق هەر كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دروست دەكات، هاوكات راشیدەگەیەنێ، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووكەوە، لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.
دكتۆر (عەلی بەلۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەبارەی كەرتی نەوتەوە، شتێكی باشە ئەگەر سەر بگرێت، بەڵام پێم وایە تا یاسای نەوت و غاز دەرنەكرێت لە پەرلەمانی عێراق، هیچ رێككەوتنێك تا سەر نابێت، چونكە بەغدا رازی نییە هەرێمی كوردستان دەستەڵاتی هەبێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خۆی بە شێوەیەكی سەربەخۆ، ئەگەر بێت و یاسای نەوت و غاز پەسەند بكرێت و دەستەڵاتەكان دابەش بكرێن، ئەوە بێگومان هەرێمی كوردستان ماف و دەستەڵاتی خۆی دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەك بەرهەمی نەوتی خۆی هاوردە دەكات".
لەبارەی هاوردەكردنی نەوتی كەركووكەوە، (بەلۆ) دەڵێ: "هەناردەكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك دوای راگرتنی لەلایەن بەغداوە، دەستكەوتێكی باشە بۆ هەردوولا، لەبەر ئەوەی نیوەی نەوتەكە بۆ هەرێم و نیوەی دیكە بۆ عێراق دەبێت، رێكەوتنی هەولێر و بەغدایش لەبارەی نەوتی كەركووكەوە لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە و قازانجیانە بەو شێوەیە دابەشی بكەن".
قائید میرۆ




