پێشمەرگە پیلانێكی تری تیرۆریستانی پووچەڵ كردەوە

ناوەران-KDP.info- هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران، فڕۆكەیە كی سیخوڕی بێفرۆكەوانی تیرۆریستانی داعشیان خستە خوارەوە كە دەیتوانی نارنجۆك بخاتە خوارەوە.
فەرماندە لە میحوەری ناوەران موقەدەم (بەدرخان گۆڤەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش ماوەی چەند حەفتەیەك بوو فڕۆكەیەكی سیخوڕی بێفڕۆكەوانیان ڕەوانەی سەر سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرد لە میحوەری ناوەران، دواجار توانیمان ئەو فڕۆكەیە بخەینە خوارەوە".
(گۆڤەیی) دەیشڵێت، تیرۆریستانی داعش لەم فڕۆكەیەوە نارنجۆكی دەستكردی خۆیان دەبەست كە دەیتوانی چوار نارنجۆك هەڵبگرێت و پاشانیش لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە بیانخاتە خوارەوە، لەگەڵ كەوتنەخوارەوەی نارنجۆكەكەیش، ئینجا دەتەقییەوە، ئەمەیش پیلانێكی تری تیرۆریستانی داعش بوو و هێزەكانی پێشمەرگە پووچەڵیان كردەوە.
نەشوان بەرزنجی




