د. رزگار: وەزیری نەوت سەردانی هەرێم دهكات.. لێكتێگەییشتن له بواری نەوتدا هەیە

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێت، لێكتێگەییشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری نەوتدا هاتووەتە ئاراوە و، بڕیارە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێم بكات و هەر كاتێك ئەو سەردانە كرا، ئەنجامەكان دیار دەبن كە دەگەنە رێككەوتن یاخود نا.
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق و شارەزای بواری نەوت (د. رزگار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی نەوتی هەرێمەوە نەكراوە، بەڵام لێكتێگەییشتن هەبووە، بۆیە بڕیارە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گفتوگۆ بكات بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك".
(د. رزگار) گوتیشی، دۆستی نزیك و دووری هەرێم و عێراق گوشار دەكەن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك، چونكە گەر بگەنە رێككەوتن لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە، بە مەرجێك رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە، من گەشبین نیم لەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن، چونكە زۆر رێككەوتن كراوە و بەغدا پابەند نەبووە پێیەوە، لەبەر ئەوەی قۆناغی ئێستا لەگەڵ پێشوودا جیاوازە".
باسی لەوەیش كرد، گوشاری عێراق بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە رێگەی تەنكەرەوە بۆ ئێران، هیچ كاریگەری نییە، لەبەر ئەوەی هەرێم پێش بەغدا گفتوگۆی لەگەڵ ئێران كردووە بۆ ئەوەی نەوتی پێ بفرۆشێت و رەنگە لە داهاتوودا ئەمە بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




