٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار زێباری: تەنیا پرسیارێکیان لەسەر دۆخی دارایی بوو.. ئامانجەکە تەنیا من نیم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دەوڵەتی یاسا لە پشت لێپرسینەوەکەیەتی لە پەرلەمانی عێراق و بە دووری نازانێت مالیکی لە پشت جووڵاندنی ئەو پرسە بێت و دەڵێ، بەوەندەش ناوەستن، چونکە ئامانجیان بەتەنیا ئەو نییە و دوای ئەو، روو لە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادەی دەکەن و لە کۆتاییدا هەوڵی پەکخستنی حکوومەت دەدەن.

" بەدووری نابینم مالیکی لەپشتی جووڵانی ئەو پرسەوە بێت"
هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیا عێراقییەکان، لەسەر پرسی لێسەندنەوەی متمانە لێی رایگەیاند: "ئەو واژۆیانەی لەسەر من کۆ کرانەوە، زۆربەیان لە ئەندامانی دەوڵەتی یاساوە بوون، بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەپشتییەوە هاندانێک نەبێت، ئەو کارە ناکرێت، مالیکی هاوڕێمە و رێزی لێدەگرم، راستە لەڕووی سیاسییەوە جیاوازیمان هەیە، بەڵام لە راستیدا بە دووری نابینم لە پشتی جووڵاندنی ئەو پرسەوە بێت، هەڵوێستی مالیکی لە بەرامبەر من شتێکە و هەڵوێستی فراکسیۆنەکەشی لە پەرلەمان شتێکی دیکەیە".

" ئامانجەکە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادییە" 
هۆشیار زێباری، دەڵێت: "دەتوانم بڵێم دەوڵەتی یاسا لە پشت ئەو پرۆسەوەیە. بەوەندەش ناوەستن، من کێشەم نییە، بەرگری لەخۆم دەکەم، دەچم بۆ ئەوەی متمانەم لێوەربگرنەوە، ئەو رێکارانەی رووبەڕووم دەکرێنەوە، ئامانجەکە بەس تەنیا من نیم، ئامانجەکە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادییە، دەیانەوێت بە من تاقی بکەنەوە و بزانن هەوڵەکانیان سەردەگرێت یان نا، بۆ ئەوەی حکوومەت پەکبخەن".

زێباری باسی دانیشتنەکەی پەرلەمان و لێپرسینەوەکەی دەکات و دەڵێ "کاتێک بۆ لێپرسینەوە بانگیان کردم پێشوازییم لێ کرد، بەهیچ شێوەیەکیش داوای دواخستنی ئەو پرۆسەیەم نەکرد، چووینە دانیشتنی پەرلەمان راستییەکانمان بۆیان روون کردەوە و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانمان دایەوە، لێپرسینەوەکە چی بوو؟ تۆمەت بوو، منیش هەوڵم دا بەشێوەیەکی لۆژیکی و بە بەڵگە وەڵام بدەمەوە".

وەزیری دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەو پرسیارانەی هەیسەم جبووری لەمنی کرد، ویستی راستییەکان بشارێتەوە و سەر لە خەڵک بشێوێنێت، ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە، راستییەکان چۆنە دەبێت وا بخرێنەڕوو، من لە هەیسەم جبووری دەپرسم، کە ئەندامی لیژنەی داراییە، بەپێی راپۆرتێک کە لەبەر دەستمە و، لەلایەن خوالێخۆشبوو، دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی داراییەوە پێشکەشم کراوە، تەنیا کەسێک 6 ملیار و 455 ملیۆن دۆلاری بۆ سەر هەژمارەکەی بۆ بانکێک گواستووەتەوە، ئەوە بە بەڵگە لەبەر دەستمە، ئەو پارەیە هیی گەلە، هەیسەم جبووری، ئەندامی لێژنەی داراییە، ئەو راپۆرتەی پێگەیشتووە نابێت بەدواداچوونێک بکات؟ بزانێت ئەو پارەیە بۆ کوێ چووە، کێ لێی بەرپرسیارە، ئەوە پارەی خەڵکە، دەشپرسم بۆچی هیچ بەدواداچوون و چاودێرییەکی ئەو دۆسیەیەی نەکردووە، کە بە بەڵگەوە پێشکەشی کراوە، بۆچی؟".

"هەیسەم جبووری پیاوێکی بەعسی بووە" 
بە گوتەی زێباری "هەیسەم جبووری پیاوێکی بەعسی بووە، هەتاوەکو 2003 جلی زەیتوونیی لەبەر بوو، من هیچ کێشەیەکی کەسییم لەگەڵ ئەو پیاوە نییە و بە پێچەوانەوە رێزی لێدەگرم".

"لە کۆی 11 پرسیار تەنیا پرسیارێکیان لەسەر دۆخی دارایی بوو" 

وەزیری دارایی عێراق، ئاماژە بەوەش دەدات "ئەو پرسیارانەی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان لێم کران لەکاتی لێپرسینەوەکە، لە کۆی 11 پرسیار تەنیا پرسیارێکیان لەسەر دۆخی دارایی بوو، ئەوەی دیکە هەمووی شەخسی و لایەنی سیاسی تێدابوو".


بە گوتەی زێباری "ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان دەکرێت شەڕێکی سیاسییە و هەموو چەکەکانیان بەکار دەهێنن، وەزارەتەکان بە گەندەڵ دادەنێن، لەگەڵ ئەوەش لایەنی بەرانبەر مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و راستییەکان روون بکاتەوە".

"یەکێتییەکان زۆرینەیان لەگەڵ ئێمەن"
هۆشیار زێباری، ئەوە دەخاتەڕوو، کە دۆخەکە بەو جۆرەش نییە کە پێشبینی دەکرێت، " بەڵکو دەزانین هاوپەیمانێتی هەیە، را و بۆچوون و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە هەیە، ئەو هاوپەیمانیانە هەن لە هاوپەیمانی نیشتمانی، لە لایەنە شیعییەکان، لە لایەنە سوننییەکان، هەتا لەنێو کوردیش هەن لەگەڵ ئێمە جیاوازن، چەند پەرلەمانتارێکن رێزمان بۆیان هەیە، بە تایبەتی گۆڕان، یەکێتییەکان زۆرینەیان لەگەڵ ئێمەن، ئیسلامییەکانیش یەک دووانێکیان لەگەڵ ئێمەن و یەک دووانێکیان لەگەڵ ئێمە نین، ئەوەش کێشە نییە".


زێباری، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئێستا "سەلیم جبووری بەئامانج گیراوە بۆ ئەوەی دووری بخەنەوە، 148 واژۆ لە دژی کۆ کراوەتەوە، ئەگەر ئێمە بچینە پاڵیان دەڕوات بۆ 165 واژۆ، بەو شێوەیە هەموو وەزارەتەکان کراونەتە ئامانج، بەو رێگەیەش وەزیر لە دوای وەزیر بانگ دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، یان پەکی‌دەخەن یان دەریدەکەن، ئێمە بەکوێ دەگەین؟ پەرلەمان ناتوانێت کابینەیەکی نوێ هەڵبژێرێت، ئەم دۆخە خزمەت بە پەرلەمان ناکات، بەو شێوەیە پەرلەمانیش لەکار دەکەوێت".

هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد "وڵاتانی کاریگەری وەکو ئەمریکا و ئەورووپا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێریی ئەو قەیرانە بەردەوامەی عێراق دەکەن، ئەوەی لە عێراق روو دەدات کاریگەری لەسەر ئەوان دەبێت و، نایانەوێت سەقامگیریی عێراق تێک‌بچێت، بەو رێگایە مامەڵە لەگەڵ حکوومەت بکرێت".

سەرچاوە: ڕووداو- کەناڵی دیجلە
 

هەواڵی پەیوەندیدار