عەبدوڵڵا ئاگرین: شەڕێكی دیكەمان لە پێشە.. دەبێ بڕیار بدەین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، شەڕی گەورە لەگەڵ عێراق کە شەڕی وەرگرتنەوەی مافی میللەتێكە. جەختیش دەکاتەوە لەوەی، سەركردەكانی عێراق بڕوایان بەوە نییە كورد كیانی سەربەخۆی هەبێت. ڕاشیگەیاند، تا مووسڵ ڕزگار نەكراوە، كورد خۆی یەكلا بكاتەوە لەگەڵ بەغدا.
دكتۆر (عەبدوڵڵا ئاگرین)، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا عێراق لەو ڕەوشە خراپەدا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەر سبەی شەڕی داعش نەما و ڕەوشەكە هێور بووەوە، چیمان پێدەڵێن؟. دەبێت هەموو جیهان بزانێت كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا شەخسی نییە، (عەبادی) و (مالیكی) و هەركەسێ دێتە سەر دەسەڵات، بۆ ئێمە وەك یەك وایە و كێشەی میللەتێكمان هەیە لە عێراقدا، شەڕی ئێمەی كورد، شەڕی گەورەی نەتەوەیە و عێراقیش بڕوای بەوە نییە كورد دەوڵەتی هەبێت."
(ئاگرین) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، سەداسەد دوای شەڕی گرووپی تیرۆریستیی داعش، "شەڕێكی دیكەمان لە پێشە"، چونكە وەک ئەو دەڵێ، ئاماژەكان ڕوون و ئاشكران و سەركردەكانی میلیشیاکانی شیعە چەندین جار ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە دوای كۆتاییهاتنی داعش پەلاماری كەركووك دەدەن، "مەرج نییە بە چ ناو و بیانوویەك پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، ڕەنگە بەو ناوەوە بێت بڵێن كورد داوای جیابوونەوە دەكات و لە یاسا دەرچوونە، بە دیدی من پێشبینیی ئەوەیش دەكرێت هەر بە ناوی داعشەوە عێراق هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و بڵێن ئەوانە پاشماوەی داعشن، چونكە بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان شەرمیان نییە و (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقیش خۆی دەڵێ، دەبێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی پێش هاتنی داعش."
بەرپرسی مەكتەبی دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەبیر دێنێتەوە کە ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبووایە، داعش گەییشتبووە بەغدا و دەشڵێ، "خۆ كورد سەپانی باوكی ئەوانە نییە كە داوای كشانەوە لە هێزی پێشمەرگە دەكەن، ئێمە خاكی وڵاتێكمان داگیر نەکردووە و ناکەین تا بەغدا وەك داگیركەر تەماشای هێزی پێشمەرگە بكات، ئێمە خاكی خۆمانە لە دڕندەترین دوژمنمان وەرگرتووەتەوە و لە بەرچاوی جیهان هەیبەتی داعشمان شكاندووە."
بەرپرسی مەكتەبی دیراسات و توێژینەوەی ئاكادیمی، نایشارێتەوە کە پاش تێخوێندنەوەیەکی ورد گەیشتووە بەو باوەڕەی، "عێراق و میلیشیاكانی هەڕەشەن بۆ كوردستان؛ هەڵبەت ئێستا دەرفەت لەبارە خۆمان لە عێراق جیا بكەینەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان ڕابگەیێنین، لەبەر ئەوەی ئێمە بە زۆر بە عێراقەوە لكێندراوین و خۆمان بە ئازاد نازانین."
(ئاگرین) ئاماژەیشی دا، "ئەو شەڕەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراق بە كورد دەفرۆشرێت، بە ناوی زۆرینە و كەمینەوە، كەچی نابێت كار بە زۆرینە و كەمینە بكرێت، كورد پێكهاتەی دووەمە لە عێراقدا و هەتا لە چوارچێوەی عێراقدا ماوین پێویستە مافەكانمان زامن بكرێن و شەریك بین لە دەستەڵاتدا، ئەوە دەبینین چ بەزمێك بە كورد دەكرێت لەنێو پەرلەمانی عێراقدا بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی، لە كاتێكدا دەبێت عێراق مەمنوون بێت كوردێك وەزیری داراییە و بوودجەی هەرێمی كوردستانیش بڕدراوە."
قاید میرۆ




