سیرینی: لەبەر سەربەخۆیی کوردستان، دەوڵەتی یاسا و هاوکارانیان دژی پارتی دەوەستنەوە

بەغدا-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دژی هەوڵەكەی دەوڵەتی یاسا وەستایەوە کە بەنیازە دیسان بەزم بۆ هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بنێتەوە؛ نوێنەرێكی پارتی لە بەغدا ڕایدەگەیێنێ، ئەوەی ڕووی دا پیلانی دەوڵەتی یاسایە دژی پارتیمان و بە هاوكاریی هەندێ لایەنی كوردی جێبەجێ دەكرێ!
(سیروان سیرینی) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئەو هەوڵانەی دراون یاخۆد بانگهێشكردنی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق بۆ پەرلەمان پیلانی دەوڵەتی یاسایە و، جێبەجێ دەكرێت؛ بە داخەوە هەندێ لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش دەستیان تێدا هەیە! مەبەستیش تەنیا لێدانی پارتییە و لێدانە لە بەرژەوەندیی كورد، چونكە پێگەی كاك هۆشیار زێباری زۆر لەوە گەورەترە هۆكاری لێدانی پارتی لە بەغدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارتی تەنیا لایەنە هەڵگری ئامانج و پەیامی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم لەدەست پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و، بەردەوام بەرپرسانی پارتین لێدوان دەربارەی دەوڵەتی سەربەخۆ و پرۆسەی ڕیفڕاندۆم دەدەن؛ ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و شیعەکان بە چاوێکی دژمنكارانە بڕوانە پارتیدا و هەوڵ بدەن لێمان بدەن.
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێ: "لاوازیی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و دكتۆر سەلیم جبووری خۆی بەشێكە لە تەواوكردنی پیلانگێڕی بۆسەر پارتی و كورد؛ بێدەنگییەکەی جبوورییش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خۆی لای شیعەکان شیرین بكات، لێ سەر ناگرێت و دوایی لە پێگەی سەلیم جبوورییش دەدرێت. شێوازی خستنەڕووی وەرگرتنەوە متمانە لە وەزیری دارایی شێوازێكی هەڵە بوو؛ ئەو ڕۆژەی دەنگ دژ هۆشیار زێباری درا كەشی نێو پەرلەمان كەشێكی ئاڵۆز بوو؛ ئەندامێكی لیستی دەوڵەتی یاسا بەبێ ئەوەی بەهانەیەكی هەبێت، هێرشی كردە سەر دكتۆر ئەشواق جاف، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا كۆبوونەوەكە دوا بخرێت بۆ ڕۆژی دووشەممە كەچی دوو پەرلەمانتاری سوننە گوتیان با بەردەوام بین، لەڕووی یاساییەوە ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان قسەی كرد نابێت پەرلەمانتار قسە لەسەر قسەی سەرۆكی پەرلەمان بكات و پێویستە جێبەجێ بكرێت."
سیرینی گوتیشی: "بە ڤیدیۆ تۆمارمان كردووە لەو كاتەی دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی دراوە تەنیا ١٣٠ كەس لەناو هۆڵی پەرلەماندا بوونە؛ ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و پێویستە بەگوێرەی یاسا ١٦٠ ئەندام ئامادەی دانیشتنەكە ببن، بێگومان ئەوە ڕووی دا لەناو پەرلەمان وەك پارتی پێمان خۆش نەبوو ڕەوشەكە بگاتە ئەو سنوورە، دوای ڕووداوەكە دیدار و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان
هەبووە و هەموویان لەگەڵ ئەوەدان دووبارە بكرێتەوە، ئایا پەرلەمانتاران باوەڕیان بە وەڵامەکەی هۆشیار زێباری هێناوە، پرسەكە بە سیاسی كراوە و دەوڵەتی یاسا دەستی هەبووە لە كۆكردنەوە ئیمزادا."
لەبارەی بۆچوونی ئەمریكا و سەركردە عێراقیەكان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە وشیار زێباری سیروان سیرینی دەڵێ: "ئێمە ژمارەیەك سەركردەمان بینیوە و لەوانە دوێنێ لەگەل ئەیاد عەلاویدا كۆ بووینەتەوە و عەلاوی پێی ڕاگەیاندین ڕازی نییە بە وەرگرتنەوەی متمانە لە زێباری و، گوتی: "هۆشیار زێباری پیاوێكی تێكۆشەرە و كاریگەریی هەیە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە؛ كەسایەتییەکە هۆشیار زێباری لەوە گەورەترە، كەسێكی گەندەڵی وەك هەیسەم جبووری بیشكێنێتەوە؛ بە دڵنیایەوە كاك هۆشیار لەو بەغدایەدا بەدیلی نییە".
قائید میرۆ




