نەوتی کەرکووک ئەوەندەی جاران هەناردە دەکرێتەوە

کەرکووک-KDP.info- دیارە ماوەی پێنج مانگە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێی لوولەنەوتەکەی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگیرابوو؛ لەو چەند ڕۆژەدا دیسان خراوەتەوە گەڕ و، وەکو دەستپێک ڕۆژانە ٧٥ھەزار بەرمیل ڕەوانە کراوە.
(فوئاد حوسێن) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لیژنەی نەوتوغاز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری حکوومەتی عێراق ماوەی پێنج مانگ ھەناردەکردنی نەوتی سێ نەوتەڵانەکەی بن دەستی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکەوە بە لوولەنەوتەکەی ھەرێمی کوردستاندا ڕاگیرابوو؛ بەڵام وا لەو چەند ڕۆژەدا کەوتووەتەوە گەڕ و، ڕۆژێ ٧٥ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە."
(فوئاد حوسێن) دەیشڵێ ئەمێستا ئەو ڕێژەیە زیاد کراوە و، ڕۆژانە ١٠٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکرێت.
(حوسێن) ڕوونیشی کردەوە، بڕیارە ئەو ڕێژەیە زیاتریش بکرێت و، وەکو جاران ڕۆژێ ١٥٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەرنادە بکرێتەوە.
لە سەردانەکەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەولێر و بەغدا وا ڕێک کەوتوونە داھاتەکەی نەوتەڵانەکانی کەرکوو نیو بە نیو بێت و، نەوتەکەش لە ڕێی لوولەنەوتەکەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




