٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرانی سیاسی: پەکەکە هەر گوێ بۆ نەیارانی کورد دەگرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێران، ئاماژە بەوە دەكەن، ئا لەم کاتەدا وا هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت، پەكەكە لە باكووری كوردستان شەڕێكی ناوەتەوە و ڕەوتی ئاشتەواییەکەی تێك داوە و دەیەوێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەیش بنێتەوە.

(سوبحی محەمەد) چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو شەڕەی پەكەكە دەیكات، جێگەی گومانە، چونكە وەك ئێمە دەزانین لە باكووری كوردستان، لە هەندێك شار وەك دیاربەكر، هەكاری و چەند ناوچەیەكی دیكە، كە ئەوانە ناوەندی بزاڤی نەتەوەیینە، ئەمڕۆ شەڕ لەو شارانە بەردەوامە، ئێستا زۆر شوێن هەن كە دانیشتووانی هەموو كوردن، ئەو ناوچانە خراپتر بوونە و خەڵكی ئەو ناوچانە شوێنی خۆیان بەجێ هێشتووە؛ لەو ماوەیەدا بە دەیان گەنجی كورد كوژراون، كە لێرەدا زەرەرمەندی یەكەم گەلی كوردە لەو بەشەی كوردستان، چونكە لەو شەڕەدا جگە زیانگەیاندن بە ماڵوحاڵی گەلی كورد هیچی دیكە نامێنێتەوە، ئەگەر پەكەكە بیەوێت بە شەڕ توركیا لاواز بێت، توركیا لاواز نابێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە كورد لەو ناوچانە كە هەموو ناوچەی كوردنشینن و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە ناوچەكانی دیكە كردووە، كورد لاواز بووە، ئەوەیش لە بەرژەوەندیی وڵاتی توركیادایە.

گوتیشی: "پەكەكە باکووری كوردستانی تێك داوە، ئێدی زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە باکووری كوردستان وەك خۆی لێ بێتەوە و ئارام بێت، هەروەها لە هەرێمی كوردستان، كە هەموو تاكێكی كورد چاوی لەسەر ئەو بەشەیە و گەلی كورد دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو بەشەیەوە بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، بەڵام پەكەكە دەیەوێت دەست بخاتە ناو ئەم بەشەیشەوە و ڕێگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بگرێت؛ ئەوەتا نایانەوێت هێزەكانی خۆیان لە شنگال و ناوچەكانی دیكە ببەنە دەرەوە، ئەوەیش بۆ ئەوەیە كە كێشە و ئاڵۆزی بنێنەوە و ئەو ناوچانە بكەنە كانتۆن؛ من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو هێزانە لە ماوەیەكی نزیكدا لەو ناوچانە وەدەرنەنێن كێشە و ئاڵۆزیی زۆر زیاتر دروست دەكەن."

زیاد منیر چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "پێویستە گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان، بەتایبەتی لە باكوور و باشووری كورستان خۆ وشیار بكاتەوە، ڕێگە نەدەن پەكەكە چی دیكە زیان بە ناوبانگی گەلی كورد بگەیێنن، پێویستە گەلی كورد چی دیكە خۆ بێدەنگ نەكات، لایەنە سیاسییەكان خۆیان بكەنە یەك و ڕێگە نەدەن سەركردایەتیی پەكەكە بۆ مەرامی خۆی و وڵاتانی ناوچەكە، كوردستان تێك بدەن، (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام خەمیەتی نەکا شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێتەوە؛ خەمیەتی ئاشتی سەر بگرێت؛ بەڵام پەكەكە جگە لە نەیارانی كورد گوێ بە هیچ كەس و لایەنێك نادات، هەروەها پێویستە گەلی كورد لە باکووری كوردستان دژی سیاسەتە چەوتەكانی پەكەكە بوەستێت و ڕێگە نەدەن بۆ مەرامی خۆی باکووری كوردستان تێك بدەن."

كەریم باپیری چاودێری سیاسی لە دهۆكەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد پەكەكە ئەوەندە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان بنێتەوە؛ خۆ ئێمە هەموومان یەك نەتەوەینە، ڕاستە ئەوان كێشەیان لەگەڵ حكوومەتی توركیادا هەیە و پێویستە خەباتی خۆیان لەو بەشەی كوردستان بكەن، بەڵام بە مەرجێك لە بەرژەوەندی ئەوان و گەلی كورددا بێت، بەڵام نابێت ئەوان كارێك بكەن كە كاریگەری خراپی هەبێت لەسەر گەلی كورد و هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەیش نابێت ئەوان ببنە هۆكاری تێكدانی سەرچاوەی دارایی خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە پڕە لە كێشە، دەوروبەری ئێمە هەموو دوژمنە، بۆیە ئەوان هەر كارێك بكەن كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت."
دەیشڵێ: "هەندێك شت لە هەرێمی كوردستان هەن، هێڵی سوورن، نابێت لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستی بۆ ببەن، بەڵكو دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەوەیان لە بەرچاو بێت كە سوود لە هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی وەردەگرن و هەرێمی كوردستان بەردەوام پشتگیری لە خەبات و تێكۆشانی ئەوان دەكات، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەیش ئەوەیان لەبەر چاو بێت، هەروەها ئۆمێدەوارین گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕزگار بێت و بە ئاواتەكانی خۆی بگات، ئەگەر ئەوان لەسەر ڕێچكەی ڕاست بڕۆن هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری ئەوان دەكات، كە وەك چۆن لە ڕابردوو پشتگیری ئەوانی كردووە، باشترین نموونەیش هەناردنی هێزی پێشمەرگە بوو بۆ كۆبانێ و ڕزگاركردنی ئەو شارە بوو لە دەستی تیرۆریستان".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار