چاودێرێكی سیاسی: بە هۆی بێئامانجییەكەیەوە، پەكەكە بە كار دەهێندرێت

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی كاروباری توركیا و رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، پەكەكە لەبەر ئەوەی بێئامانجن، تا ئێستا نەیانتوانیوە ماف لە باكوور و رۆژئاوای كوردستاندا بۆ گەلی كورد بە دەست بێنن، هەربۆیە وڵاتانی هەرێمی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دەهێنن.
(مەهدی حاجی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) خاوەنی پڕۆسەی ئاشتییە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستاندا، ئێستایش دەرفەتێكی باش بۆ كورد رەخساوە و پێویستە یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بن و ئەو دەرفەتە لە دەست خۆیان نەدەن، ئەگەر هەر كەموكوڕییەكیش هەبێت، پێویستە وەلای بنێن و نەیكەنە بەربەست لە بەردەم خۆیاندا، بۆ ئەوەی كورد لە هەموو شوێنێك بگاتە ئامانجی خۆی".
(حاجی) گوتیشی: "جێگەی داخە پەكەكە لە رۆژی دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستاكەیش، سەركردە و كادیرەكانیان كە من خۆم لە نزیكەوە گفتوگۆم لەگەڵیاندا كردووە- ساڵی ١٩٨١ئەوكات ئەندامی دانوستانكار بووم لەگەڵیان لە ناوچەی حەفتەنین و ناوچەكانی دیكە-، قسەكانیان زۆر گەورەن و هیچ ئامانجێكیان نییە كە خەباتی لە پێناودا بكەن كە كوردستانی و ڕوون بێت".
ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا و رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەیشی دا: "جا هەر لەبەر ئەوەی بێئامانجن، بەم دواییانە وڵاتانی هەرێمی توانیویانە پەكەكە بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە و بیانجووڵێنن و بۆ بەرژەوەندیی ئەوان كار بكەن".
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر بێئامانجییەکەی پەکەکە و دەڵێ، "پێویستە پارتەكانی باكووری كوردستان گوێ بە پەكەكە نەدەن و لە پێناو بەدیهاتنی مافی كورد و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، كار بكەن."
(مەهدی حاجی) دەشڵێت: "پەكەكە هۆكاری لەبارچوونی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باكووری كوردستان و، لە رۆژئاوای كوردستانیش پەكەكە كە یەپەگە و هەندێك هێزی دیكەی هەیە، خستوونیەتە ژێر ركێفی خۆی و وای كردووە كە ئەوانیش بێئامانج بن و هیچ مافێكیان بەدەست نەهێنن و تەنانەت ئەو حیزبە مێژووییانەی لەوێ هەن كە بە دەیان ساڵ لە پێناو بەدیهاتنی مافی كورد خەبات و قوربانییان داوە، بێبەشیان كردوونە."
جەختیش دەكاتەوە كە، تاكڕۆیی و دیكتاتۆریی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستانیشدا، وای كردووە كە ئەو پارتانە لەسەر خاكی خۆیان نەتوانن كار بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد بكەن كە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




