نێچیرڤان بارزانی و ئەیاد عەلاوی دۆخی عێراق تاوتوو دەكەن

بەغدا-KDP.info- لەدیداری نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆكی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی عراق، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە و بۆ ئەمەش پێویستە گفتوگۆیەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرالدا دەست پێبكرێت و هەموو كێشە و گرفتەكان و فۆرمی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بەڕێگەی ئاشتیانە و لێكگەیشتنەوە كە مایەی ڕەزامەندی هەردوو لایەن و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت، ڕێكبخرێتەوە.
لە دووەم ڕۆژ و كۆتا دیدارەكانی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠-٨-٢٠١٦ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەلایەن بەڕێز د. ئەیاد عەلاوی پێشوازی كرا.
لە دیدارێكدا بەڕێز عەلاوی بەخێرهاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری كرد، دواتر هەردوولا تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسی، پرۆسەی سیاسی و ئایندەی ئەو پرۆسەیە لە عێراقدا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش كرا و لەمبارەیەوە داكۆكی لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پێكهاتەكانی مووسڵ كرا و بەتایبەتیش تیشك خرایە سەر گرنگیی لێكگەیشتنێكی هەمەلایەنە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی شارەكە لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە.
هەروەها ئاماژەیان بە مەترسییەكانی دوای ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ كرد و داكۆكی لەوە كرایەوە بۆ نەهێشتنی بیری توندڕەوی لە ناوچەكە، بە تەنیا ڕێكاری سەربازی بەس نییە و پرۆسەی سیاسی لە عێراق پێویستی بەوەیە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان بكات و هەموو پێكهاتەكانی عێراق خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا بدۆزنەوە و شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت.
هەر لە دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە و بۆ ئەمەش پێویستە گفتوگۆیەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرالدا دەست پێبكرێت و هەموو كێشە و گرفتەكان و فۆرمی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بەڕێگەی ئاشتیانە و لێكگەیشتنەوە كە مایەی ڕەزامەندی هەردوو لایەن و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت، ڕێكبخرێتەوە.




