موسلیح ڕەجەب: وەختیەتی ببینە دراوسێی عێراق

هەولێر-KDP.info- موسلیح ڕەجەب دەڵێ، هەر كەسێك حوكمی عێراقی كردبێت ئاگر و ئاسنی بەسەر گەلی كورددا هێناوەتە خوارەوە؛ بەغدا هیچ كات باوەڕی بە دیموكراتی و فیدراڵی و پێكەوەژیان نەبووە، مادەم وایە كورد بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، پێویستە هەنگاوێكی دیكە بۆ پێشەوە بڕوات؛ سەركردایەتی لایەنێكی سیاسییش، ئەو هەنگاوە بە سەربەخۆیی دەزانێت.
)موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی عێراق هەر لە ساڵی ١٩٢١ تا ئەمڕۆ هەر كەسێك حوكمڕانی لە عێراق كردبێت ئاگر و ئاسنی بەسەر گەلی كورددا هێناوەتە خوارەوە، ئەگەر ئێمە تەماشا بكەین، ئەو كۆدەتایەی بەسەر پەرلەمانی عێراق كرا، ڕێككەوتنێكی پاش دیوار بوو، بۆ تێكدانی بارودۆخی عێراق، ئەوەیش هەموو بۆ ئەوەیە كە كورد ڕۆڵی خۆ نەبینێت لە عێراقدا، ئەوە ١٠٠ ساڵە عێراق دژایەتیی گەلی كورد دەكات، پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق، كورد دەستپێشخەری كرد و، حكوومەتێكی نوێی دروست كرد بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان بە مافەكانی خۆیان بگەن، بەڵام جارێكی دیكە خیانەتیان لە كورد كرد.
ئەوەشی گوت: "ئەمڕۆ باشترین دەرفەت بۆ ئێمە وەك گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، بەتایبەتی كە هێزی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆرستان دەكات و سەركەوتن لە دوای سەركەوتن تۆمار دەكات، بۆیە زۆر گرنگە سەركردایەتی لایەنەكان ئەمڕۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و، كۆتایی بەو ناخۆشیانە بهێنن كە بە درێژایی مێژوو گەلی كورد لەگەڵ عێراق بینیوە، لە ئەنفال و كیمیاباران بگرە تا كوشتن و دەربەدەری."
دەیشڵێ، وەك لایەنێكی سیاسیی داوا لە (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم، بانگهێشتنامە بۆ هەموو لایەنەكان ڕەوانە بكات و هەموو لایەنەكان لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە و دوا بڕیاری خۆی بدات و، هەموو لایەنەكانیش پشتگیری لێ بكەن، چونكە ئێمە ببینە جیرانێكی باش لەگەڵ عێراق زۆر باشترە لەوەی كە ڕۆژ بۆ ڕۆژ كورد پەراوێز بخرێت.
ڕابین شێروانی




