عومەر: گومان لە ئاماری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكرێت.. دەمانەوێت راستییەكان بخرێنە ڕوو

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە دەڵێ: "گومان لە ئاماری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكرێت و، داوامان كردووە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت".
(لوقمان عومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كە ناویان تۆمار كراوە، گەییشتووەتە ٩٧٠ كەس، بەڵام ئەو ئامارە دروست نییە و ژمارەیەك خەڵكی تێدایە كە شیاو نییە لەو لیستەدا بێت و ژمارەیەكی تێدا نییە كە پێویستە ناویان تێدا بێت، بۆیە داوامان كردووە پێداچوونەوە بەو لیستەدا بكرێت".
(عومەر) گوتیشی، ئەو كارەیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانییەوە كراوە و ئەوان بەرپرسن لێی.
ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی دروستی برینداران دیار بێت، پێویستە پزیشك ئەمە یەكلا بكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئامارەكە دروست نییە.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە دەشڵێت: "لە ئێستادا ئەو مەلەفە خراوەتە سەر وەزارەتی تەندروستی و، دەمانەوێت ئەم پرسە یەكلا بكرێتەوە و راستییەكان بخرێنە ڕوو".
بڵند ئیبراهیم




