رێككەوتنەكەی سایكس پیكۆ شكستی هێناوە.. دەبێت كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەت

هەولێر-KDP.info- ناوەندێكی جیهانی بەنێوی سەنتەری لێكۆڵینەوە لە پرسەكانی جیهان، لە راپۆرتێكدا دەربارەی سایكس بیكۆ رایگەیاندووە، هەموو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن كە شكستی یەكجارەكیی سایكس پیكۆ نزیكە و سنووری ناوچەكە دادەڕێژرێتەوە.
سەنتەرەكە لە راپۆرتێكدا دەڵێت: "ئەمڕۆ دوای ١٠٠ ساڵ لە رێككەوتنەكە، دەردەكەوێت كە ئەو رێككەوتنە شكستی هێناوە و گەلان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەمەیش لە دەستووری وڵاتانی وەك ئەمەریكا و بەریتانیا بە ئاشكرا هاتووە و ئاماژەی پێ كراوە، بۆیە دەبێت جارێكی دیكە ئەو مافە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە".
ڕوونیشی دەكاتەوە: "خاڵی قورسی رێككەوتنەكە ئاماژەی ئەوە دەدات كە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رای نیشتمان و بێباكانە ناوچەكانی دابەش كرد، ئەمەیش هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە ئەوكات چەندین پێكهاتە و ئایینی جیاواز هەبوون كە هەوڵ درا بە رێككەوتنەكە هەموو پێكهاتەكان بخرێنە ژێر ركێفی بەریتانیاوە، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان رێككەوتنەكە شكستی هێناوە و نابێت چیدیكە حوكمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو بنەمایە بكرێت، كوردیش وەك پێكهاتەیەكی گرینگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی كە پێش ١٠٠ ساڵ و لە 16ـی ئایاردا، بێ ئاگاداری و ویستی ئەو، خاكەكەی دابەش كرا".




