٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەڵمەتی (بەڵێ بۆ ریفراندۆم)، پەیامێكی گرینگە بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچەكە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند رۆژێكە هەڵمەتێك لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە وەكو پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستی پێ كردووە بە تایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چاودێرێكی سیاسییش دەڵێت، هەڵمەتی خەڵكی كوردستان بۆ (بەڵێ بۆ ریفراندۆم)، پەیامێكی گرینگە بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچەكە و نوخبەی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی (د. ساڵح مەلا عومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو بزاڤەی لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە دەستی پێ كردووە كە پێویستە بەرەو ریفراندۆم بچین و كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لە چەند روانگەیەكەوە گرینگیی خۆی هەیە، لەوانە ئەمە رای گشتیی كۆمەڵگای كوردستانە كة بۆ نوخبەی سیاسی دەریدەخات كە بەرەو چ ئاڕاستیەك بزاڤ بكەن، هەر كەسێكیش لە دژی ئەمە بێت، لە بەرانبەر رای گشتی رادەوەستێت و جێگای لەناو كۆمەڵگای كوردیدا نابێتەوە".

(مەلا عومەر) ڕوونیشی كردەوە، ئەمە پێشانی وڵاتانی جیهان و دراوسێكانمان دەدات، ئەگەر نوخبەیەكی سیاسی داوای ئەوە بكات گەلی كورد مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، وڵاتانی جیهان و ناوچەكە ناتوانن دژی بوەستنەوە و ئیتر ئەو زەمانە بەسەر چووە پلان دژی ئەو نوخبە سیاسییە دابنرێت و لەناو كورددا كێشە دروست بكەن، هةرچەندە چەند وڵاتێكی دراوسێیش كێشە دروست بكەن كۆمەڵگای كوردی بەهێزتر دەبێت، چونكە ئەمە رای گشتیی هەموو كۆمەڵگایە".

ئەو چاودێرە سیاسییە راشیگەیاند: "ئەو هەڵمەتە پەیامێكی زۆر گرینگە بۆ وڵاتانی جیهان و دراوسێ و نوخبەی سیاسیی ناو كوردستانیش، بەوەی كە پێویستە بە هەموو جیاوازییەكانەوە كار بەو ئاڕاستەیەدا بكەن بەرەو ریفراندۆم بچین و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، هەر نوخبەیەكیش بیەوێت كێشە دروست بكات و لەبەر بەرژەوەندیی تەكسكی حیزبی ئەم بەرژەوەندییە نەتەوەییە بكاتە قوربانی، جێگەی لەناو كۆمەڵگادا نابێتەوە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار