٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەنگاریا و هەرێمی كوردستان، لە بوارە جیاوازەكاندا برەو بە پەیوەندییەكانیان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی هەنگاریا، لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر دەڕوانن كە بەردەوام سەركەوتن بەدەست دەهێنن و بە خوێنی خۆیان هەرێمی كوردستان و جیهان لە ترس و هەڕەشەكانی تیرۆر دەپارێزن.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12 - 5 - 2016 ، پێشوزای لە (ئیستێڤان شمیچكۆ) وەزیری بەرگریی هەنگاریا و شاندێكی باڵای سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری بەرگریی هەنگاریا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ هەریەك لە بەڕێزان سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پشتگیریی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا دووپات كردەوە بە تایبەتی لە بواری هاوكارییە سەربازییەكان و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە.

جەختی لەوەیش كردەوە كە، وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی گشتی، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر دەڕوانن كە بەردەوام سەركەوتن بەدەست دەهێنن و بە خوێنی خۆیان هەرێمی كوردستان و جیهان لە ترس و هەڕەشەكانی تیرۆر دەپارێزن.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و پشتگیرییەكانی هەنگاریای بۆ پێشمەرگە كرد و داوای كرد لە هاوكارییەكانیان بەردەوام بن و ستاییشی ڕۆڵی هەنگاریای لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كرد. هیواشی خواست هەنگاریا وەك ئەندامێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا داوای پشتگیریی زیاتر و بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان بكات.

جەختی لەوەیش كردەوە كە، پێشمەرگە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ لە دژی تیرۆر دەكات، چونكە تیرۆر تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان هەڕەشە نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها دواتر باس لە دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر كرا و تیشك خرایە سەر پلانی ئازادكردنی شاری مووسڵ و گرنگیی قۆناغی دوای ئازادكردنی شارەكە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و تیایدا هەردوولا خواستی خۆیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لە بوارەكانی پەروەردە، كشتوكاڵ، كولتووری و بازرگانی نیشان دا. لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بە بزنسمان و وەبەرهێنەرانی هەنگاری بكات بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و، لەمبارەیەیشەوە (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشە و گرفتەكانی بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەییشتنەوە لەگەڵ بەغدا چارە بكات. هەروەها هەردوولا گرینگیی پێشخستن و ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسییان لە عێراقدا دووپات كردەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوو بەڕێزان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئەنگاریا دیاری و یادگارییان پێشكەش بە یەكتری كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار