٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مرقس كاكا: عێراق هیچی بۆ كوردستان پێ نەبوو.. داوای دەوڵەتی كوردستان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كوردستان پێك هاتووە لە نەتەوە و ئایینی جیاجیا و گشتیشیان لە هەرێمێكی سەقامگیردا دەژین، بۆیە هەموومان بەیەكەوە مافمانە دەست لەناو دەست داوای دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان بكەین".

(كەمال یەڵدا مرقس كاكا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەربەخۆیی بۆ كوردستان نەك تەنیا بۆ كورد، بەڵكوو بۆ هەر میللەتێك مافێكی ڕەوایە، ئێستایش ئەو كاتەیە تا نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی تری ناو كوردستانیش بِڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە، ڕیفراندۆمیش مانای ئە وە نییە كە ڕاستەوخۆ كورد دەوڵەت ڕابگەیەنێ و عێراق دابەش بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە بزانرێت هەڵوێست و ڕای خەڵكی سەبارەت بە ئاییندە و سەربەخۆیی كوردستان چییە".

(مرقس كاكا) بە پێویستی دەزانێت، سەركردایەتیی كوردستان بڕیار بدات بۆ ئەو سەربەخۆییە فەرمییەی كە مافی ئەو كوردستانیانەیە كە لەم خاكە پیرۆزەدا دەژین، چونكە حكوومەتی عێراق بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەمەیش عێراقە كە دیتمان هیچی بۆ كوردستان پێ نەبوو، كێشەی بەغدایش ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەبێت و ئیدارەی خۆی پێ ناكرێت، كێشەی سیاسی و تایفیش زیاتر دەبێ و عێراق شكستی هێناوە، بۆیە كاتەكە لەبارە و كوردستان دەتوانێ بڕیار بدات و بۆچوونی خۆی بخاتە ڕوو بۆ جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی."

(یەڵدا) گوتیشی: "كوردستان خاوەنی نەتەوە و ئایینی ڕەنگاوڕەنگە و جیاجیایە، كورد زۆر بە ئاشتەوایی لە هەرێمێكی ئارام و سەقامگیردا بەیەكەوە گوێ لە بیروبۆچوونەكانی یەكدی دەگرن و بەیەكەوە لە ژێر سێبەری یەك ئاڵادا دەژین بە بێ جیاوازی بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە ناخۆشی و خۆشییەكانەوە لەگەڵ یەكن، بۆیە ئێمەیش وەك ئایینی مەسیحی و نەتەوەی كلدان و سریانی ئاشووری لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانین".

ئەو ئەندامەی كلدانی سریانی ئاشووری دەشڵێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، (١٠٠) ساڵ لەمەوپێش پەیماننامەی سایكس پیكۆ مۆر كرا و زوڵمێكی گەورە لە كوردستان كرا، بەوەی نەیتوانی ببێت بە خاوەنی دەوڵەت، دووبارە پەیماننامەی سیڤەر لە (١٠/٨/١٩٢٠) مۆر كرا و پەیماننامەكە لە ماددەی (٦٢) و ماددەی(٦٤)ـدا داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كوردستان دەكات، بەڵام لەسەر داوای چەند وڵاتێكی دراوسێ ئەم پەیماننامەیە پشتگوێ خرا، پەیماننامەی لۆزانیان لە (٢٣/٧/١٩٢٣) مۆر كرد، ئەمیش مافی كوردی پێشێل كرد و هیچ باشییەكی بۆ كورد تێدا نەبوو، بۆیە ئیستا كاتەكە گونجاوە و هەموو بەیەكەوە دەڵێین، بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان."

 

فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار