ڕاوێژکاری تایبەتیی ئۆباما: شانازی بە کورد و ھەرێمی کوردستانەوە دەکەین

ئاژانسەکان-KDP.info- ڕێکخراوێکی ئەمریکی لێدوانی ڕاوێژکارێکی باراک ئۆبامای بڵاو کردەوە گەلی کورد و ھەرێمی کوردستان بە جێگای شانازیی ئەمریکا دادەنێت.
ڕێکخراوی ھارد وایەردی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر سەردانی وەفدێکی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان بۆ ویلایەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەڵێت ڕاوێژکاری باراک ئۆباما پێی ڕاگەیاندوون کە گەلی کورد و ھەرێمی کوردستان جێگای شانازیی ئەمریکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، (میلیسا ڕۆجەرز) ڕاوێژکاری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئازادیی بیروڕای ئایینی، بە وەفدەکەی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە "بەتایبەت لەگەڵ سەرۆک ئۆباما باسی بارودۆخی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان دەکەم، کورد ھاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان لە ناوچەکە و گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان جێگەی شانازیمانن".
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات کە دیدارەکە لە ئۆفیسەکەی خاتوو ڕۆجەرزدا بووە لە کۆشکەسپی و ئەندامانی دیکەی ئۆفیسەکە و دیپلۆماتکاران لە کۆشکەسپی ئامادەی بوون.




