بەرماغ: سەرجەم خەڵكی كوردستان پشگیریی ریفراندۆم دەكەن.. توركمان مافی زیاتری دەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان دەڵێت، كوردستان مافی خۆیەتی داوای ڕیفراندۆم بكات، چونكە لە كۆتایی سایكس پیكۆ نزیك دەبینەوە و، سەرجەم خەڵكی كوردستانیش پشگیری لە ریفراندۆم دەكەن.
(كەرخی ئاڵتی بەرماغ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردستان و ئێمەیش وەك پێكهاتەی توركمان، بیر لە داهاتووی خۆمان بكەینەوە لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەو خەبات و شەهیدانەی لە رابردوودا داومانە، لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بووە، ئێستایش قۆناغێكی گرینگ بۆ كوردستان هاتووەتە پێشەوە كە دەبێت كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بۆ ئەم بڕیاردانەیش دوو رەهەندی گرینگ هەن كە دەبێت لەبەر چاو بیگرێن، رەهەندی یەكەم لە ئاستی ناوخۆییە كە ئێستا هەموو خەڵكی كوردستان داوای ڕیفراندۆم و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكەن كە لەم ئاستەدا پشگیریی فراوان هەیە و لە عێراقیشدا لایەنەكان ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بووە كە دەبێت گەلی كوردستان بە ئاواتەكانی خۆی بگات".
(بەرماغ) پێوەست بە رەهەندە نێودەوڵەتییەكانیش، گوتی: "رەهەندی نێودەوڵەتییش هەیە كە تارادەیەكی زۆر باش پشگیریمان دەكەن، چونكە ئێستا بەرەو كۆتایی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ دەچین، لە هەمان كاتدا بابەتی داعش كە پرسێكی نێودەوڵەتییە، ئەویش بە لایەكدا دەكەوێت كە دواتر ئەوەیش لە قازانجی كوردستانە، بۆیە ئێمە وەك بزوتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان و، هەروەها سەرجەم ئایین و ئایینزا و پێكهاتە جیاوازەكانی ناو كوردستان پشگیری لەو پڕۆژەیە دەكەین و پێیمان وایە ئەوەیە دەتوانێت برینی كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی كوردستان ساڕێژ بكات".
ئەوەیشی خستە روو كە، ئەوان وەك پێكهاتەی توركمان بۆیە پشگری لە ڕیفراندۆم دەكەن، چونكە پرسیاریان لە خۆیان كردووە ئەوان بەشێك بن لە هەرێمێكی فیدراڵ یان بەشێك بن لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، كە بێگومان وەڵامەكەیان دەست كەوتووە بەوەی بەشێك بن لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بۆیە ئەگەر دەوڵەتی كوردستان هەبێت، پێكهاتەی توركمان مافی زیاتری دەبێت و لە پێگە بەهێزەكانی دەوڵەتدا بەشدار دەبێت.
سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، بە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە گیانفیداكان، كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش دەڕوات و خەریكە پێشمەرگەیش دەبێتە سیمبولی هەموو جیهان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر، بۆیە ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان بەدەست هات، كوردستان دەبێتە پارسەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئۆقرەیی و ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەرێتەوە، هەروەها دەبێتە لانكەی دیموكراتی و لاسەنگی هێز لە ناوچەكەدا كە پێمان وایە بەشێكی زۆر لەم دەستكەوتانەیش بە هەوڵ و هیممەت و دیپلۆماسییەتی (سەرۆك بارزانی) و، بەرخودانی پێشمەرگە هاتوونەتە ئاراوە".
كارزان سەباح هەورامی




