"پێشمەرگە كشاونەتەوە و حەشدی شەعبی نەكشاوەتەوە.. رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی ئهواندا بوو"

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی خورماتوو دەپارێزێت، بەڵام ئەو رێككەوتنەی كراوە، لە بەرژەوەندیی حەشدی شەعبیدا بووە.
رائید (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی خورماتوو ئارامە و هیچ پشێوییەك ڕووی نەداوە، ئەو هێزە هاوبەشەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبییش، هەندێك ناوچەیان پێسپێردراوە بۆ ئەوەی بیانپارێزن، لەوانە نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی كە پێشتر جێی ناكۆكی بوون و لە ئێستادا لەو شوێنانەدا جێگیر بوون".
(ئەحمەد) گوتیشی، تەنیا هێزێكی پێشمەرگە كشاونەتەوە و هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی نەكشاوەتەوە، لەبەر ئەوەی هێزەكەی ئەوان خەڵكی ناوشارن و رەنگە چووبنەوە ماڵ یان لە شوێنی دیكە خۆیان حەشار دابێت، بەڵام شوێنێكیان نییە بۆی بكشێنەوە و لە ماڵی خۆیان ئامادەن بۆ كاتی پێویست.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو باسی لەوەیش كرد: "ئومێدمان بەو رێككەوتنە نەبووە و ئومێدەوارم جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیی حەشدی شەعبیدایە و، هەر لە سەرەتایشەوە وا بیرمان كردووەتەوە".
دەشڵێت: "بیستوومانە لە دوای ئەو رێككەوتنەیشەوە، شوفێری كورد لە رێگەی ئامرلی رفێندراوە و ئەشكەنجەیش دراوە".
بڵند ئیبراهیم




