کۆنگرێسمانێکی ئەمریکایی داوا دەکات پێشمەرگە پارێزگاری لە پێکهاتە ئایینییەکان بکات
_(1)__2016_05_10_h16m57s23__HK.jpg)
جێف فرۆنتبێری، نوێنەری ویلایەتی نبراسکای ئەمریکا، داوا دەکات ناوچەیەکی ئارام لە عێراقدا دروست بکرێت بۆ پارێزگاری لە پێکهاتەکان بە تایبەتی بۆ دیان (مەسیحی) و كوردانیی ئێزدی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەڕێوەی ببەن.
فرۆنتبێری کە ئەندازیاری بڕیاری کۆنگریسی ئەمریکایە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا دژ بە ئێزدی و دیان و پێکهاتەکانی دیکە، لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکادا، بە ئاشکرا داوای کرد ناوچەیەکی ئارام بە شێوەیەک مەرجی تایبەتی ھەبێت لە عێراقدا دابمەزرێت و بە تایبەتی لە دەشتی نەینەوا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەڕێوەی ببەن؛ دەکرێت بە شێوەیەک حکوومەتی ناوەندیی بەغداش پەیوەندیی پێوە ھەبێت.
ئەو کۆنگرێسمانە مەترسیی خۆی نەشاردەوە کە لە ئەنجامی کردەوەی دڕندانەی توندڕەوەکان و داعش، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە ئەو ناوچانەیان دروست کردووە، شوێنی خۆیان بەجێ بهێڵن و پێکهاتەی دانیشتووان لەو شوێنانە بگۆڕدرێت. بۆیە نوێنەرەکەی ویلایەتی نبراسکا لە کۆنگرێسی ئەمریکا داوا دەکات بەھەموو شێوەیەک ھەوڵ بدرێت داکۆکی لە پێکهاتەی دیموگرافی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و پێکهاتە جیاجیاکان بە ئارامی و ئاسایش لە شوێنی خۆیاندا بژین.




