٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیتالیا لە هەوڵی فراوانتركردنی هاوكارییە سەربازییەكانە بۆ هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی ئیتالیا، لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بە تایبەتی ئیتالیا، فراوانتر بكرێت و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 9 - 5 – 2016، پێشوازی لە خاتوو (ڕۆبێرتا بینۆتی)، وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، خاتوو (بینۆتی) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتن و دەستكەوتانەی كە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بە دەستیان هێناوە و ڕێز و پێزانینی بۆ پێشمەرگە و شەهیدانی كوردستان دەربڕی. جەختی لەوەیش كردەوە كە، پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بە تایبەتی ئیتالیا، فراوانتر بكرێت و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

بە پێویستیشی زانی پێشمەرگە وەك هێزێكی سەرەكی لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان ڕۆڵێكی كاریگەری لە پلانڕێژیی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵدا هەبێت. دواتر باسی لە پەیوەندییە پتەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان دوای هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و نەبەردیی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرد و دووپاتی كردەوە كە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكارییەكانی بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكات.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی ئیتالیای كرد بۆ هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانی و سوپاسی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیاشی كرد كە وەك پشتگیرییەك لە هەرێمی كوردستان و لە كاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێم، سەردانی كوردستانی كرد و خەڵك و حكوومەتی كوردستان شانازی بەو دۆستایەتییەوە دەكەن كە لەگەڵ ئیتالیا هەیانە.

دەربارەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵیش، ئاماژەی بەوە دا كە، پێویستە پلانێكی تۆكمە و ڕوون دابڕێژرێت و بە هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانان جێبەجێ بكرێت و لەوەش گرنگتر دیدی هەمەلایەنە بۆ دوای پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ڕوون و ئاشكرا بێت و دڵنەوایی بدرێتە خەڵكی ناوچەكە كە ئایندەیەكی گەش چاوەڕێیان دەكات.

هەروەها دووپاتی كردەوە، هەرچەندە بارودۆخی سیاسیی عێراق چەقبەستووە، بەڵام هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكات. ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هەماهەنگی و هاوكارییەكی سەربازی و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ئیتالیا دەربڕی.

هەواڵی پەیوەندیدار