دزەیی: نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت کوردستان بکاتە بەشێکى گرنگ لە ئابووریى جیهان

ههولێر-KDP.info- وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژە بە چاکسازیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەو هەنگاوانە دەکات کە حکوومەت لە پێناو بەرەنگاربوونەوەى قەیرانى دارایى گرتوویەتەبەر. (سەفین دزەیى) وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتى (زە نیومەیڵ)ى بەریتانى ئاماژە بە چاکسازیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەو هەنگاوانە دەکات کە حکوومەت لە پێناو بەرەنگاربوونەوەى قەیرانى دارایى گرتوویەتەبەر.
(دزەیی) گوتیشى: "حکوومەت دەیەوێت کەرتى تایبەت و کلاسى ناوەند بەپێى کات دروست بێت، کەرتى گشتى بۆ کەرتى تایبەت بگۆڕدرێت، گۆرانکارى لە کارگێڕی و ئابووریدا بکات، ئەوەش بە هەماهەنگی و پشتگیریى دامەزراوە بەئەزموونەکانى وەک بانکى نێودەوڵەتى و دامەزاروەى ڕەندە بۆ بەرەوپیشبردنى دارایى و کارگێڕی و ئابوورى، بەو پێیەى حکوومەت پێویستى بە پلان و گۆڕانکاریى خێرا و پلانى مامناوەند و درێژخایەن هەیە. حکوومەت لە سەرەتاى جێبەجێکردنى پلانى چاکسازیدایە و دەیەوێت ڕیفۆرمێکى مۆدێرن بێت بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری چاکسازی."
دەربارەى ڕۆڵى یەکیەتى و پارتى لە سەرکەوتنى چاکسازی، دەڵێت: "حکوومەت بنکەفراوانە و ئەو پرۆگرامە بەردەوام دەبێت و هەموو لایەنەکان پێویستە پشتگیریى لێبکەن، چونکە هەموویان لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنى کەمکردنەوەى گەندەڵى و چاککردنى بارى ژیانى هاووڵاتیانیان داوە."
لە بەشێکى دیکەی چاوپێکەوتنەکەی سایتی (زە نیومەیڵ)، وتەبێژى حکوومەتی هەریمی کوردستان باس لە چەندین دامەزراوەى گەورە دەکات کە پاڵپشتیى حکوومەت دەکەن لە ڕووبەرڕووبوونەوى قەیران و سەرکەوتنى چاکسازی لەناو حکوومەتدا و دەڵێت: "چەندین شارەزاى دەرەوە وەک بانکى جیهانى، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرى (وڵاتانی جى ٧ ) و بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا پشتگیریى خۆیان لە بوارى ئەزموون و کارگێڕی و سیاسى و تەکنیکى بۆ چاکسازی دەربڕیوە".
وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان تەئکید لەسەر ئامانج و پلانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: "ئامانجی سەرۆک وەزیران، سەقامگیریى دارایى و بەرەوپێشبردنى ئابووریى مۆدێرنە، (نێچیرڤان بارزانی) دەیەوێت کوردستان بکاتە بەشێکى گرنگ لە ئابووریى جیهان.




