"بەرپرسانی ئێران سەردانیان كردم.. هەشت مانگه هیچ گەنجێكی هەرێم نەچووەتە ناو داعشەوە"

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە كە گەنجێكی هەرێم چووبێتە ناو داعشەوە، بە پێچەوانەیشەوە زۆربەی ئەو گەنجانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە چووبوونە ناو داعش، یان كوژراون، یانیش گەڕاونەتەوە.
(مەریوان نەقشبەندی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو رێوشوێنە سەربازی و ئەمنی و فیكریانەی كە هەرێمی كوردستان گرتوونیەتە بەر، بوونەتە هۆی ئەوەی ڕۆییشتنی گەنجانی هەرێمی كوردستان بۆ ناو ریزەكانی داعش بە جۆرێك كەم ببێتەوە، كە لە هەشت مانگی رابردوودا هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە كە گەنجێكی هەرێم چووبێتە ناو داعش و بە پێچەوانەیشەوە زۆربەی ئەو گەنجانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە چوبوونە ناو داعش، یان كوژراون یان گەڕاونەتەوە و ڕیزەكانی داعشیان جێ هێشتووە".
(نەقشبەندی) گوتیشی: "ئێستا خەریكە ئەو گەنجانەی كە لە ئێرانەوە دەچنە ناو داعشەوە، دەبێتە دیاردە و مەترسیی زۆر لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەوەتا داعش كوردێكی هەرێمی كوردستانی دەست ناكەوێت دیلێكی پێشمەرگە شەهید بكات و، كوردێكی ئێرانی كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ئەو تاوانە ئەنجام دەدات، لەم رۆژانەی رابردوویشدا لە هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر تەلسقۆف، چەند كوردێكی ئێران لەناو ئەو چەكدارانەی داعشدا بوون كە بە كوژراوی دووانیان بەجێ ماوبوون".
دەشڵێت: "بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ بەرپرسانی ئێران لە هەرێمی كوردستان سەردانی منیان كرد و پێكەوە كۆ بووینەوە و بە ڕاشكاوی ئەو بابەتەم بۆ باس كردن، ئەوانیش بەڵێنیان داوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن و سنوورەكان توندوتۆڵتر بكەن، بۆ ئەوەى گەنجانی ئێران نەچنە ناو داعشەوە".
ڕابین شێروانی




