٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە سنوور بۆ هه‌ندێك میدیا دابنرێت"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- پێشمەرگەیەك لە‌ بەرەكانی شەڕەوە دەڵێ،‌ ئامادەین بە خوێن بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەین، رۆژنامەنووسێكیش باوەڕی وایە، هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن سوكایەتیی بە پێشمەرگە دە‌كەن، بۆیە پێویستە سنووریان بۆ دابنرێت، هەروەها بە بۆچوونی چالاكوانێك، بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە خزمەت بە تیرۆر بكات، كارێكی نایاساییە.

رۆژنامەنووس (نێچیرڤان غەفوور)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشمەرگە بۆ ئازادیی كوردستان و جیهان خوێن دەڕژێت، بۆیە شایانی ئەوپەڕی رێز و خزمەتكردنە و، ئەو سوكایەتییەیش كە لە لایەن هەندێك میدیاوە بە پێشمەرگە دەكرێ، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ئاستیدا هەڵوێست وەربگرن و ئەو دەستگایانە بدەنە دادگا، چونكە میدیا دەبێت ببێتە هۆكارێك بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و هاندانی هاووڵاتیان و پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ سەركەوتن، نەك ببنە هۆكاری ئاژاوەنانەوە و دووبەرەكی، بۆیە پێویستە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو میدیایانە بگرێتە بەر كە خزمەت بە تیرۆر دەكەن".

(هۆزان خۆرشید) چالاكوانی بواری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەر بابەتێك خزمەت بە تیرۆر بكات، كارێكی نایاساییە، بۆ ئەمەیش دەبێت دەستگا ئەمنییەكان بە كاری خۆیان هەستن و ئەو دەزگایانە بە توندی سزا بدەن، كە دەبنە هۆكاری تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە".

(خورشید) گوتیشی: "دەبێت دەزگا ئەمنییەكان بە هاوكاریی دادگا ئەو میدیایانە دابخەن، كە ئاساییشی وڵات دەخەنە بەردەم مەترسییەوە، چونكە لە هیچ وڵاتێك نەبووە دەزگا راگەیاندنەكان دژی لەشكرەكەیان بوەستنەوە و بێڕێزی پێ بكەن، كە ئەمە لە كاتێكدایە، سوپا میدیا دەپارێزێت بۆ ئەوەی بە ئازادیی كاری خۆیان بكەن".

(هەوار زراری) پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە هەموو چركەیەك ئامادەین بە خوێن بەرگری لە خاكی كوردستان بكەین، بەڵام بەداخەوە هەندێك میدیا كە بە خوێنی ئێمە بە ئازادی لە كوردستان كاری خۆیان دەكەن، لە كاتی هێرشەكاندا پشتگیری لە داعش دەكەن و ورەی پێشمەرگە دادەبەزێنن، ئەوانەیش ڕاستەوخۆ پشتگیری لە تیرۆریستانی داعش دەكەن".

ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئەوەیشی گوت: "دەبێت ئاساییش كاری خۆی بكات و ڕێگە نەدات ئەوانە بەو شێوەیە هەڵبكوتنە سەر هێزی پێشمەرگە، چونكە ئەوانە لە شوێنێك كار دەكەن ئەگەر لەبەر پێشمەرگە نەبێت، ناتوانن بۆ یەك چركەیش بژین، بۆیە دەبێت سزا بدرێن و دابخرێن، تا نەبنە هۆكاری ترساندنی خەڵكی كوردستان".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار