٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سروور بارزانى: پێناچێت پەیوەندیی هه‌رێم كوردستان و به‌غدا چاك ببێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە گوتارێکیدا کە لە رۆژنامەی ناسراوی ئەمه‌ریکایی 'واشنتن پۆست'دا بڵاوی کردووەتەوە، نووسیوویەتی، کورد مافی خۆیەتی بە ھێمنی لە عێراق جیا ببێتەوە.

(مەسروور بارزانی) لە گوتارەیدا، باس لەوە دەکات کە نەتەوە جیاجیاکانی عێراق ھیچ شتێکی ھاوبەشیان نییە و ناچار کراون، پێکەوە، چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیار بکەن.

ھەروەھا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت: کاتی ئەوە ھاتووە کە ددان بەوەدا بنێین، دەوڵەتی عێراق شکستی خواردووە و بەردەوام بوون لەنێو عێراق، کورد رووبەڕووی چەندین ناکۆکیی دیکەی درێژخایەن دەکاتەوە.

ئەمساڵ، یادی 100 ساڵەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆیە و بەو بۆنەیەشەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست، زنجیرەیەک راپۆرت و گوتاری لەسەر چارەنووسی ئەو رێککەوتنامەیە و ھەروەھا داھاتووی عێراق و سووریا بڵاو کردووەتەوە.

لە یەکێک لە راپۆرتەکانیدا، ئەو رۆژنامەیە کە پێش چەند رۆژێک بڵاوی کردبوویەوە، تێیدا ھاتووە، داوا دەکات ئەمه‌ریکا و وڵاتانی زلھێزی دیکەی رۆژئاوا، رێگەیەکی دیکەی نوێ بدۆزنەوە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وەکو جێگرەوەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ.

لەلایەکی دیکەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، نووسیویه‌تى: داگیرکردنی شاری مووسڵ و بەشێکی زۆری ناوچەکانی دەووروبەری مووسڵ لە ساڵی 2014 و شکستی سوپای عێراق، ئەو راستییە ئاشکرا دەکات، کە عێراق وڵاتێکە ناتوانێت بەرگری لە ھاووڵاتیانی بکات و نازانێت بەرژەوەندییەکانی لەکوێدایە.

پاشان (مەسروور بارزانی) نووسیوویەتی: پێکەوەژیانی بەناچاری، ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە، ھەر بۆیە، لەکۆتاییی ئەمساڵدا، ھەرێمی کوردستان ریفۆراندۆم ئەنجام دەدات بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کە بە فەرمی لە بەغدامان جیا دەکاتەوە و بۆ دواجار دەوڵەتێک بۆ گەلی کورد دێتە ئاراوە.

(مەسروور بارزانی) باوه‌ڕیشی وایه‌: ھەنگاوی ریفراندۆم، یارمەتیی کورد دەدات ھیوای بۆ بگەڕێتەوە، دڵنیاییش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە، لەبەرئەوەی لەوەتەی رژێمی (سەددام) رووخاوە، کوردستان سەلماندوویەتی کە دەتوانێ ھاوپەیمانێکی باوەڕ پێکراو بێت لەگەڵ دراوسێکانی و، ھەروەھا بووەتە قەڵغانێکی ئاسنینیش لەشەڕی دژی داعش و قوربانی زۆریشیان داوە بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە عەرەبنشینەکان.

لە کۆتاییشدا، (مەسروور بارزانی) نووسیوویەتی: ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی بەغدا بە سەقامگیریی بمێنێتەوە و لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی ھەموو ھەنگاوێکیان ناوه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام ھیچ شتێک سەرکەوتوو نەبووە و بەغدا ھەمیشە وەکو ئامراز تەماشای کوردی کردووە نەک وەکو ھاووڵاتی؛ ئێستایش ھیچ متمانەیەک لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدادا نییە و پێناچێت ئەو پەیوەندییەش چاک ببێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار