دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: ماڵجوداییی هه‌رێم و عیراق، بووه‌ته مه‌سه‌له‌ی كات

هه‌ولێر-KDP.info- (د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین) كه سه‌رۆكی ئینستیتیوتی مێرییه، ڕایگه‌یاند، پێویست ناكات كورد ده‌ستپێشخه‌ری له هه‌ڵته‌كاندنی عیراق و باس له خواحافیزی بكات، چونكه به باوه‌ڕی ئه‌و، مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێم وه‌یان هیچ نه‌بێ ماڵجوداییی هه‌رێم و عێراق بووه‌ته مه‌سه‌له‌ی كات، یان ماڵجودایییه‌كه به دیفاكتۆ بووه‌ته راستی.
سه‌رۆكی ئینستیتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه (د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین) له دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، وه‌ها درێژه‌ی به قسه‌كانی ده‌دا و دەڵێ، با جارێ ڕووی جیهان نه‌هێنینه سه‌ر پێكهاته‌ی كوردی و دواتر تۆمه‌تبار بكرێن به‌وه‌ی كه هه‌ڵپه‌رستانه هه‌وڵی تێكدانی بارودۆخ و زیاتر خۆشكردنی ئاگره‌كه بووینه.
-ئایا پێتان وایه عێراق به‌م دۆخه‌ی، به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات و چىی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ؟
(د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین): ده‌مێكه عێراق له گێژاوكێكی سیاسیی حه‌له‌زۆرنیدا ده‌خولێته‌وه. له هه‌شت ساڵی حوكمی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوودا، كه‌لێنی نێوان پێكهاته‌كان (عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه و كورد) تا ده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو، به‌ڵام ناوماڵی عه‌ره‌بی شیعه سه‌رباری جیاوازییه‌كانیان هه‌ر به یه‌كگرتوویی مایه‌وه. له دوای لادانی به‌ڕێز (نووری مالیكی) و هاتنی به‌ڕێز (حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی)، هیوایه‌ك په‌یدا بوو كه ئیتر كه‌لێنه‌كان به‌ره‌و پڕكردنه‌وه بچن و، ته‌ركیزی حكومه‌تی به‌غدا بچێته سه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی حوكمڕانیی دروست.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، لاوازیی حكوومه‌ت و سیسته‌می حوكمڕانی گێژاوكه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد و، له كۆتاییدا ناوماڵی عه‌ره‌بی شیعه‌یش به ده‌ردی پێكهاته‌كانی دیكه چوو و، لێكترازانی هێزه شیعییه‌كان قۆناغێكی نوێی داهێنا و هاوكێشه سیاسیه‌كانی پێشووی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به جۆرێك كه سیسته‌می حوكمڕانی له فه‌شه‌ل نزیكتر كرده‌وه. جا دۆخی ئێستای عێراق به قۆناغێكی جیاكه‌ره‌وه ده‌بینرێت له نێوان سێزده ساڵی پێشوو، كه زۆرینه‌یه‌ك به شێوازی تایه‌فه‌گه‌ری و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شبه‌شێنه حوكمی عیراقی كرد، له نێوان داهاتوویه كه هێشتا روون نییه. عێراق ئیمڕۆ له دووڕیانێكدایه. به لایه‌كدا رووی به‌ره‌و جۆره فه‌شه‌لهێنانێكه كه به ئاسانی نا‌یه‌ته‌وه سه‌ر باری دروست، به‌لایه‌كه‌ی دیكه‌وه له‌وانه‌یه هاوكێشه سیاسییه‌كان له بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێنه‌وه و به‌هۆیانه‌وه چه‌رخێكی نوێ له عێراق دروست بێ و، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات به‌ره‌و چاكتری بچێ.
- جا پێتان وایه كامه رێگه ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی هه‌یه؟
(د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین): له راستیدا، سیسته‌می په‌رله‌مان و حكوومه‌ت گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ستێك كه به ئاسانی كارا نابێته‌وه. له ده‌ره‌وه‌یشیاندا، هێشتا هیچ هێزێكی سیاسی یان كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی به‌توانا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه كه بتوانێ هه‌موو لایه‌ك بخاته ژێر سێبه‌ر و ژێر باڵییه‌وه و، به‌هۆیه‌وه سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق دروست بكات. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، هه‌تا دێ پێكهاته‌كان خوردتر ده‌بنه‌وه.
سوننه‌كان له هیچ شوێنێكی هاوكێشه‌كه‌دا نه‌ماون كه بتوانن رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بدینن. كورد له نێو پێكهاته‌كاندا له هه‌موویان یه‌كگرتووتر دیاره، كه‌چی به‌قه‌د ئه‌وانی دیكه لێكترازاو و پارچه‌یه. لایه‌نی شیعه نه‌ك نه‌نیا لێكترازاون، به‌ڵكو خاوه‌نی له‌شكری نانیزامی و پرچه‌كن و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه تایبه‌ته‌كانیان دژبه‌یه‌كتری گه‌شه‌یان سه‌ندووه. به‌وپێیه، زۆربه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی دوێنێ، توانای لێكنزیكبوونه‌وه و لێكتێگه‌یشتنیشیان نه‌ماوه. جاران هێزه ئیقلیمییه‌كانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌یانتوانی ئیراده‌یه‌كی پێكه‌وه حوكمكردن له‌سه‌ر زۆربه‌یان فه‌رز بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا نفوزی ئه‌وانه‌ش لاوازبوونیان به پله‌ی جیاواز و به به‌راورد له‌گه‌ڵ جاران پێوه دیاره. بۆیه‌ش، عێراق به‌ره‌و لایه سه‌رلێشێواوه‌ییه‌كه ده‌چێ و له گێژاوكه‌كه‌دا هێشتا به‌ره‌و نقووم بوون ده‌چێ و، پێویستی به موعجیزه‌یه كه خۆی بگرێته‌وه.
- له ئێستادا ده‌بێ كورد چی بكات. پێتان وانییه ئیستا كاتى خواحافیزى كورده له به‌غدا؟
(د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین): ئیمڕۆ پێویست ناكات كورد ده‌ستپێشخه‌ری له هه‌ڵته‌كاندنی عێراق و باس له خواحافیزی بكات، چونكه مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێم یان هیچ نه‌بێ ماڵجوداییی هه‌رێم و عێراق بووه‌ته مه‌سه‌له‌ی كات، یان ماڵجودایییه‌كه به دیفاكتۆ بووه‌ته راستی. با جارێ ڕووی جیهان نه‌هێنینه سه‌ر پێكهاته‌ی كوردی و دواتر تۆمه‌تبار بكرێن به‌وه‌ی كه، هه‌ڵپه‌رستانه هه‌وڵی تێكدانی بارودۆخ و زیاتر خۆشكردنی ئاگره‌كه بووینه. ده‌وڵه‌تی عێراق لاواز بووه و رووی به‌ره‌و شكسته، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دا رۆڵی تێكده‌ری هه‌بووبێ یان سوودمه‌ندی یه‌كه‌م بووبێ. بۆیه، باشتر وایه سه‌ركرده سیاسییه‌كانی هه‌رێم جارێ له دیوی عیراقدا دووره‌په‌رێز بن و په‌له له بڕیار و هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ به ته‌ركیزه‌وه و به‌وپه‌ڕی حیكمه‌ت و جیددیه‌ته‌وه كار له چه‌ندین لای دیكه‌ی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌باتی رزگاریخوازییه‌كه‌ی بباته قۆناغێكی به‌رزتره‌وه.
له ماوه‌ی دوو ساڵی رابوردوودا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه هه‌رێم به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار بووه‌ته‌وه، دوو به‌قه‌ده ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی نوێی بۆ ره‌خساوه كه خواستی میلله‌ته‌كه‌ی بێته‌دی. دیاره كه‌وا هه‌رێمی كوردستان سوودی له به‌شێك له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌رگرتووه، جا ئه‌وه‌ش به حوكمی گۆڕانی هاوكێشه‌كان و ململانێی نێوان هێزه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان بووبن یان به حوكمی لاوازبوونی هێزه لۆكاڵییه‌كانی عێراق بن كه پێشتر به‌ربه‌ستیان بۆ كورد دروست كردبوو.
شاراوه نییه كه توانای هه‌رێم بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته ده‌ره‌كیانه زۆر سنووردار بووه، به هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌ناوه‌خۆدا یه‌كڕیزیی له ده‌ست داوه و روانگای هاوبه‌ش له‌نێو پێكهاته سیاسییه‌كان كاڵ بووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت، بنبه‌ستی سیاسی و ئیفلیجبوونی په‌رله‌مان و لێكترازانی ناوه‌كی هه‌رخۆیان بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار. هه‌ڕه‌شه‌ی ناوه‌كی له هیچ حاڵه‌تێكدا نابێته ده‌رفه‌ت، بۆیه ناكرێ رێگه بدرێ كه لاوازبوونی سیسته‌می حوكمڕانی به‌رده‌وامی پێ بدرێت. به مانایه‌كی دیكه، ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه به زووترین كات، له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی داهاتوودا، پرۆسه‌یه‌كی سیاسی ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، پێنج حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه دیالۆگێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، ته‌نازولات بۆ یه‌كتر بكه‌ن، چاوپۆشی له هه‌ڵه‌كانی رابوردوو بكه‌ن و داخه‌كانیان بنێژن بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ره‌ی نوێ هه‌ڵده‌نه‌وه. ئه‌و جۆره هه‌نگاوه به‌قه‌ده‌ر خودی ئه‌نجامدانی ریفه‌راندۆمی سه‌ربه‌خۆیی گرینگه. كاتێ كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم متمانه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵك و هاوپه‌یمانانی ده‌ست ده‌كه‌وێ، ئه‌وا ئه‌نجامدانی ریفه‌راندۆم و رێگای سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئاسان ده‌بێ و ده‌رگا داخراوه ده‌ره‌كییه‌كانیشی بۆ ده‌كرێنه‌وه. به‌ڵام به‌بێی ئه‌و جۆره یه‌كڕیزی و متمانه‌یه، هه‌رێم ناتوانی به‌بێ ترس له عێراق جیا ببێته‌وه، دواتریش هیچ زه‌مانه‌تێك له ئارادا نییه كه له‌دوای سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ش دووچاری هه‌مان ده‌ردی عێراق و سووریا نه‌بینه‌وه.
نەشوان بەرزنجی




