لە بازگەكانی هەرێم، كارئاسانیی زیاتر بۆ گەشتیاران دەكرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی پەرە بە بواری گەشیاری بدرێت وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات و بووژانەوەی ئابووریی كوردستان، لە بازگەكانی هەرێمی كوردستاندا كارئاسانی زیاتر بۆ هاتنی گەشتیاران دەكرێت.
(نادر رۆستی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان٬ لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانیی زیاتر بۆ هاتن و پێشوازیكردن لە گەشتیاران دەكرێت٬ بۆ ئەم مەبەستەیش لایەنە پەیوەندارەكان دوێنێ بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا بڕیاریان دا كە هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ هاتنی گەشتیاران لە رێگەی كۆمپانیاكانی گەشتیارییەوە بكرێت".
(رۆستی) راشیگەیاند: "بۆ ئەم مەبەستە، چەند میكانیزم و رێگایەكی نوێ بە ڕەچاوكردنی لایەنی ئارامیی هاووڵاتیان و پاراستنی گەشتیاران، دەگیرێتە بەر كە بە جۆرێك بێت گەشتیاران ڕووبەرووی ئاستەنگ و ماندبوون نەبنەوە و بتوانن گەشت بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەن".
نەشوان بەرزنجی




