٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێران رۆڵی هەرێم لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز دەنرخێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاواتی خواست بە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرچی زووتر کۆتایی بە هەرەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بهێنرێت.

ئەمڕۆ (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (حەسەنی دانایی فەر) باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران و مورتەزا عەبادی  کۆنسولی گشتیی ئێران لە هەولێر و شاندنی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا رەوشی عێراق و ناوچەکە کرایەوە و بە تایبەتی تیشک خرایە سەر دوا رەوشی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق. باڵیۆزی ئێران  لە ئاماژەیەکدا بە دوا سەرکەوتنەکانی هێزی  پێشمەرگە رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاواتی خواست بە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرچی زووتر کۆتایی بە هەرەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بهێنرێت.

لە بارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت واقعبینانە مامەڵە لە گەل رەوشی ناوخۆی عێراق بکرێت و چارەسەریی کیشەکان بە رەچاوکردنی  هۆکارە مێژووییەکان بێت و ناکرێت جەخت لەو رێکارانە بکرێتەوە کە هەمان ئەم ئەنجامانەی ئێستای لێدەکەوێتەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنیەتی ئاسانکاریی زیاتر لە ناوچە سنووریەکان کرا بە جۆرێک هاتووچۆی گەشتیاری و پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار