پێشمەرگە، بڕبڕەی پشتی داعشی شکاند

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیک دەڵێ، سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر گەورە بوو بە ئاستێک کە لەچەندین محیوەردا هێرشی داعش تێکشكێندراوە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لێ کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش لە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیان تەقێندراونەتەوە.
(حەمید ئەفەندی)، فەرماندەی هێزی پیشمەرگە و بەرپرسی محیوەری باشیک بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی راگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە و لە چەندین میحوەردا، داعشیان تێکشاندووە بە جۆرێک ئەمڕۆ داعش لە محیوەری گویر، تلسقۆف و باشیک هێرشی کردووە، بەڵام سەرجەمیان بەتێکشاوی گەڕاونەتەوە.
دەیشڵێ: "ژمارەیەکی یەکجار زۆری داعش کوژراوە و، بە تاکتیکی نوێوە توانیومانە گەمارۆی داعش بدەین و بڕبرەی پشتیان بشکێنین".
ئەوەشی خستەروو: هێرشەکانی داعش بۆ تۆڵەکردنەوە و بەرزکردنەوەی ورەی داڕووخاویانە.
کارزان سەباح هەورامی




