٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: لە هەموو میحوەرەكاندا پێشمەرگە سەركەوتنی بە دەست هێناوە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، لە شەڕەكەی ئەمڕۆی نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشدا، هیچ هێزێكی دیكە جگە لە پێشمەرگە بەشداری نەكردووە، خۆشبەختانەیش لەهەموو میحوەرەكاندا هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی بەدەست هێناوە.
 
(ئەنوەر حاجی عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ داعش لە چەندین میحوەرەوە هێرشی كردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام لە هەموو میحوەرەكان شكستیان بردووە و سەركەوتوو نەبوون".
 
(حاجی عوسمان) گوتیشی، داعش توانای ئەوەی نییە بێت شوێنێك بگرێت و خۆی لێ جێگیر بكات، بەڵكە تەنیا هێرش دەكەن و دەگەڕێنەوە، رەنگە جگە لەو هێرشانە، هێرشی دیكەیش ئەنجام بدەن، بەڵام خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ناتوانن بستێك خاكی كوردستان بگرن و، هەر كاتێكیش هێرش بكەن، شكست دەبەن، لەبەر ئەوەی ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا بگرن".
 
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ده‌شڵێت، لە شەڕەكانی ئەمڕۆدا، جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی دیكەی نە ئەمەریكایی و نە هیچ وڵاتی دیكە بەشدار نەبوون و، تەنیا ئەمەریكا لە ڕووی مەشق و راهێنانەوە هاوكاریی پێشمەرگە دەكات و لە ئاسمانیش بۆردوومانی داعش دەكات.
 
 
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار