دوو ماراسۆن لە پێناو ئاشتی و تەباییدا لە هەولێر بەڕێوە دەچن

هەولێر-KDP.info- لیژنەی باڵای ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی " هەولێر ماراسۆن" بۆ وەرزش و ئاشتی، دوو ماراسۆن لە هەولێر بەڕێوە دەبات كە یەكێكیان بۆ كچان و ئافرەتانە و، ئەوەی تریشیان بۆ پیاوانە.
(عەبدولستار عیسمەت)، رێكخەری گشتیی ماراسۆن، رایگەیاند: "لە درێژەی چالاكییەكانی ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر، رۆژی شەممەی داهاتوو 7/5/2016، لە ڕاڕەوی راكردن لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، ماراسۆنێك بۆ كچان و ئافرەتان و، رۆژی شەممەی دواتریش 14/5/2016، راكردنێكی هاوشێوە بۆ پیاوان ئەنجام دەدەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەم دوو راكردنە لە پێناوی ئاشتی و تەبایین و هەردووكیان لە سةعات 5ـی ئێوارە لە پاركی سامی عەبدولرەحمان بەڕێوە دەچن.
شایانی باسە، ناونووسین بۆ بەشداریكردن لەم دوو ڕاكردنە لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، راڕەوی راكردن، یان لە رێگەی لاپەڕەی هەولێر ماراسۆن لە فەیسبووك ناوی بەشداربووان تۆمار دەكرێت.
دلێر ئیبراهیم




