٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی پەرلەمانتاران: شكۆی پەرلەمانی عێراقیان شكاند.. چاكسازی كاتی دەوێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر -KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، سەبارەت بەم كارەی لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بەرانبەر پەرلەمانتارانی كورد كرا، ئەمڕۆ بەیاننامەیەك دەردەكەین. باوەڕیشی وایە كە، دەبێ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش، بۆ دوای ئەو كێشانەی بەغدا پلانیان هەبێت.
 
(نیعمەت عبدوڵڵا)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ وەك یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بەیاننامەیەك دەردەكەین بۆ سەركۆنەكردنی ئەو كارەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرانبەر پەرلەمانتارانمان كرا، ئەوەیش كە ڕووی دا، لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسییەوە بە ئاڕاستەیەكی خراپدا بردرا، شكۆی پەرلەمانیان شكاند بەوەی ویستیان بەپەلە چاكسازی بكەن، چونكە چاكسازی شتێك نییە بەپەلە بكرێت، چاكسازی بەرنامەی خۆی هەیە و كاتی دەوێت".
 
(عەبدوڵڵا) بڕوایشی وایە كە، ئەوە پلانی پێشوەختی بۆ دانرابوو، ئەوان چاوەڕێی بیانوویەكیان دەكرد تا پەرلەمان پەك بخەن، چونكە ڕانەوەستان تا بزانن پەرلەمان چی دەكات و هەڵوێستی چی دەبێت، ئەوان هەلیان قۆستەوە و ویستیان  ئیرادەی خۆیان بسەپێنن بەسەر لایەنەكانی تردا، بێگومان لایەنە كوردییەكانیش ئەمەیان پێ قبووڵ ناكرێ، چونكە هەموومان بەشدارین لە حكوومەتی عێراق و پرۆسەی سیاسی و لە دەستووریشدا، بۆیە ئەوەی بەرانبەر پەرلەمانتارانی كوردیان كرد، ئێمە بە توندی ئیدانەی دەكەین".
 
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتیشی: "لەمەودوا پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە وردی بیر لەم كارە بكاتەوە و پڕۆژەی هەبێت بۆ ئاییندە، بەیەكەوە دانیشتن بكەن و لەسەر ڕەوشی عێراق قسە بكەن و بزانن ئەم عێراقە بە چی دەگات، چونكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە، دەبینین كە نە شیعە و نە سوننە سەركەوتوو نەبوون لە بەڕێوەبردنی عێراقدا."
 
فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار