سەرحەد قادر: بنكەی پۆلیس گەڕایەوە بەشیر.. ئەلبوفەرەجیش ڕزگار كرا

كەركووك -KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێكانی كەركووك دەڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە گوندی بەشیر و چەند گوندێكی تری دەووروبەری بەشیریان ڕزگار كرد، تیرۆریستانی داعشیش زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و، ئەمڕۆیش گوندێكی تر لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كرایەوە.
عەمید (سەرحەد قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گوندی بەشیر، كە گوندێكی توركماننشینە، دوێنێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە داینابوو، لە سێ قۆڵەوە هێرشی كردە سەر و ڕزگاری كرد، جگە لەمە، ئەو گوندانەی دەوروبەری بەشیریش ئازاد كران، تیرۆریستانیش پێشتر سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی خۆكوژییان نارد بۆ ناو هێزی پێشمەرگە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی نەبوو و تەنیا دوو پێشمەرگە كەمێك بریندار بوون، دوای ئازادكردنەوەیشی لەلایەن پێشمەرگەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان هاتن و شەو لە گوندی بەشیر مانەوە".
(قادر) گوتیشی: "ئەم بەیانییەیش لە گوندێكی تر كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای بەشیرەوە، تیرۆریستانی داعش بەرگرییەكی زۆریان كرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە پێشڕەوییان كرد و بە هەمان شێوە ئازاد كرا، ئێستایش بنكەی پۆلیس گەڕاوەتەوە بەشیر".
پێوەست بە زیانەكانی داعشیش، عەمید (سەرحەد) گوتی: "تیرۆریستانی داعش خەسارەتی زۆر زۆریان هەبوو و بە دەیان ئۆتۆمبێلیان سووتاون و گیراون، جگە لەمە، چەك و تەقەمەنییان لێ گیراوە، تەنیا توانیشیان چەند كوژراوێكیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، ئەگەرنا كوژراوەكانی دیكەیان جێ ماون."
گوندی بەشیر، گەورەترین گوندی سنووری كەركووكە و ٢٥ كیلۆمەتر لە باشووری كەركووكەوە دوورە. بەر لەوەی داعش لە مانگی ٦ـی ساڵی (٢٠١٤) كۆنتڕۆڵی بكات، (١٨٠٠) ماڵی تێدا بوون، چەندین جاریش (حەشدی شەعبی) بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكە هێرشی كردووە، بەڵام لە سەرجەم هێرشەكاندا شكستی هێناوە، بۆیە دواجار بە چەند پلانێكی سەركەوتووانەی هێزی پێشمەرگە، كۆنتڕۆڵ كرایەوە.
فایزە پاڵانی




