٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: دەزگای بارزانی لە دەزگایەكی لۆكاڵییەوە دەبێتە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی.. دەستكەوتێكی گەورەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایدەگەیێنێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سیفەتی راوێژكاری تایبەتی لەلایەن UNـەوە پێ دەدرێت و دەبێتە رێكخراوێكی جیهانی، ئەمەیش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كوردستان.

رۆژی 17/4/2016، ئەنجوومەنی كولتووری و ئابووریی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (ئیكۆسۆك)، سیفەتی راوێژكاری تایبەتی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخشی، بەمەیش مافی ئەوەی هەیە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ناوبراو و لە نزیكەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان راوێژ بكات دەربارەی ئەو بابەتانەی كە ئەنجوومەن دەیخاتە روو.

لەم بارەیەوە (د. دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، وەرگرتنی ئەم سیفەتەی بە هەنگاوێكی گرینگ زانی و گوتی: "بێگومان ئەمە دەستكەوتێكی گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان و دەتوانێت بابەتی پەیوەندیدار بكاتە بابەتی گفتوگۆكردن لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان و لە نزیكەوە ئاگاداری گشت كۆبوونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بێت كە لەسەر ئاستی (ئیكۆسۆك) ئەنجام دەدرێن، لە هەمان كاتدا بابەتی پەیوەندیدار بكاتە ئەجێندای كارەكانی ئیكۆسۆك".

لایەنێكی دیكەی گرینگی وەرگرتنی ئەم سیفەتە، بریتییە لە دەستنیشانكردنی دەزگای بارزانی لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان، لەم بارەیەیشەوە (زێباری) ئاماژەی دا: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەتوانێت بە فەرمی نوێنەرانی خۆی لە بارەگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستنشیان بكات، بەتایبەتی لە (جنێڤ، نیویۆرك و ڤییەننا) و تێكەڵاوی چالاكییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ببێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە هەمان كاتدا وەكو چاودێر بەشدار بێ لە كۆبوونەوەكانی ئیكۆسۆك و كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك و ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ لە جنێڤ و گشت ئۆرگانە خاوەن بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان. جگە لەمە، مافی ئەوەی دەبێت كە بەیاننامە دەربكات بۆ ئیكۆسۆك لەبارەی بابەتە پەیوەندیدارەكان و بیدات بە سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەندامانی تری ئەنجوومەنی ئاساییش، بەمەیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دەزگایەكی لۆكاڵییەوە دەبێتە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و دەتوانێت لە سەرتاسەری جیهاندا كاری خێرخوازی ئەنجام بدات و شوناس و ناوی كوردستان زیاتر بە جیهان بگەیێنێت و دەبێتە لایەنێكی كاری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و كاری خێرخوازی، بەمەیش كاردانەوەی نێودەوڵەتیی زیاتری دەبێت لەسەر هاوكاریكردنی ئەم رێكخراوە لەلایەن وڵاتانەوە".

لە بارەی كاریگەریی ئەم سیفەتە لەسەر هەرێمی كوردستان، (د. دیندار) رایگەیاند كە لە زۆر رووەوە گرینگیی دەبێت، بە تایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستا كە كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت لە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ كوردستان و دەبێتە دەنگێكی فەرمی لە سیستمی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵكی كوردستان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان، ئەم سیفەتە هەرچەندە بە فەرمی نوێنەرایەتیی حكوومەت نییە، بەڵام دەنگی هەرێم و نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات لە بواری مافی مرۆڤ و لە رووی كولتووری و مرۆیی و ئابووری و ناساندنی زیاتری گەلی كوردستان بە هاوكاریی ئۆرگانە جۆراوجۆرەكانی سكرتاریەتی نەتەوەیەكگرتووەكان، هەروەها هەرێمی كوردستان دەنگی خۆی زامن دەكات لەم ئۆرگانەدا لە رێگای دامەزراوەیەك كە دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و خودی ناوی دەزگاكە لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان ئەوە دەگەیێنێت كە كورد میللەتێكی ستەملێكراوە، لە هەموویشی گرینگتر ئەوەیە كە شوناسی خەڵكی كوردستان بگەیێنێتە بڕیاربەدەستدانی جیهان، ئەمەیش سەركەوتنێكە بۆ ناساندنی زیاتری گەلی كوردستان بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نوێنەرایەتیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رێگای ئەم دەزگایەوە دەتوانن بە شدارییەكی كارایان هەبێت لە كوردستان".

سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، گوتیشی: "وەرگرتنی سیفەتی راوێژكاری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، هەوڵێكی دیكەیە بۆ پێشخستنی بواری مافی مرۆڤ و هاوكاریی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی بۆ پتەوتركردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان، چونكە دەتوانێت بە دەیان راپۆرت لەسەر رەوشی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات، ئێمە لە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە بە دەستكەوت و هاوبەشێكی سەرەكی دەزانین لە گەیاندنی رووی راستی هەرێمی كوردستان لەرووی پاراستنی مافی مرۆڤ و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم بە تایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بە چەند قەیرانێكدا تێپەڕ دەبێت وەك شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەنابەران و پێویستی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و پاڵپشتی و هەماهەنگی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی كە لایەنە نێودەوڵەتییەكانی لە نزیكەوە رەوشی كوردستان ببینن و دەبێتە پردێك بۆ هەماهەنگی و كاركردنی زیاتری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان و ئۆرگانە جۆراوجۆرەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە پرسە هاوبەشەكان و یارمەتیدانی هەرێم لەم رووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار