ئێمینكی: كرێكاران پشكی شێریان لە ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەماندا بەركەوتووە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، ڕایگەیاند: "یەكی ئایار، هێمای دەربڕینە لە یەكسانی و بەرگریكردن لە كرێكاران و بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوەی ئەم چینە كاریگەرە لە سەر ئاستی هەموو جیهاندا".
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی كرێكارانی كوردستان و جیهان بە گشتی دەكەین و ئاواتەخوازین ئەم یادە ببێتە مایەی وەدیهێنانی گشت مافە ڕەواكانیان لە كوردستان و سەرتاسەری جیهاندا.
یەكی ئایار، هێمای دەربڕینە لە یەكسانی و بەرگریكردن لە كرێكاران و بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوەی ئەم چینە كاریگەرە لە سەر ئاستی هەموو جیهاندا.
كرێكارانی كوردستانیش، كە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە هەموو قۆناغەكانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و تێكۆشانی دژی رژێمە دكتاتۆرییەكاندا، ئەمڕۆ لە سایەی ئەم هەلومەرجە نوێیەدا ئازادانە لە نێو سەندیكا و رێكخراوەكانی خۆیاندا كار بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانیان دەكەن و بە شانازییەوە پشكی شێریان بەركەوتووە لە ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەماندا. پەرلەمانی كوردستانیش، درێغی نەكردووە لە هەوڵەكانی بۆ بەیاساییكردنی ماف و داواكارییەكانیان، بۆ نموونە (یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2011، یاسای سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان لە هەرێمی كوردستان و یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2012 هەمواركردنی یاسای پیادەكردنی یاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتیی كرێكاران ژمارە 39ـی ساڵی 1971ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان.
لەم یادەدا، بە ئەركی سەر شانی سەرجەم دەزگاكانی هەرێم و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین پشتیوانی لە مافەكانی كرێكاران بكەن و بەردەوام بن لەسەر كولتووری رێزگرتن لە پێگە و كاریگەرییان لە كۆمەڵگەدا و كار بۆ باشتركردنی گوزەرانی ئەم چینە بكرێت لە رێگای فەراهەمكردنی زیاتری دەرفەتی كار و دابینكردنی بیمەی تەندروستی.
بەرز و پیرۆز بێت جەژنی جیهانیی كرێكاران، بە هیوای وەدیهێنانی سەرجەم مافەكانیان لە كوردستاندا.
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
1ـی ئایاری 2016




