٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەلا بەختیار: یەكێتی و پارتی لەسەر ریفراندۆم رێك كەوتوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، یەكێتی و پارتی، لەسەر ریفراندۆم رێك كەوتوون.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، (مەلا بەختیار)، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە، لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای فەڕەنسا لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە: "ئەگەر عێراق ببێتە عێراقێكی دیموكراسی ‌و فیدراڵ، دەستوور جێبەجێ‌ بكات ‌و كێشەكانی خەڵك چارە بكات، ئەوا وەكو كورد كێشەمان لەگەڵ عیراقدا نییە، بەڵام ئەگەر ساڵ بە ساڵ دۆخەكە تێك بچێت، یەكێتی لەگەڵ پارتی لەسەر ریفراندۆم رێك كەوتووە، هەروەكو چۆن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی باشووری كوردستانیش بە هەمان شێوە رێك كەوتوون".

ئەمە لە كاتێكدایە، پێشتر چەند جارێك لە لایەن (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كورستانەوە جەخت لەوە كراوەتەوە كە، دەبێ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكرێت، لە راگەیاندراوێكدا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، (سەرۆك بارزانی) رایگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەكان لەبارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ئەو ریفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ راگەیاندنی دەوڵەت نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و رای گەلی كوردستان لەبارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار