پێشمەرگە بەرەو گوندی بەشیر لە پێشڕەویدایە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك رایدەگەیێنێت، لە بەیانیی ئەمڕۆوە لەو سنوورەدا هێزەكانی پیشمەرگە لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كردووە و، پێشڕەوییش بەرەو گوندی بەشیر بەردەوامە.
عەمید (سەرحەد قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، هێزەكانی پیشمەرگە لە سێ قۆڵی مەزرەعە، تەلئەحمەد و رێگای بەشیر هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان بەرپا كردووە و، تا ئێستایش شەڕ بەردەوامی هەیە و سنووری گوندی بەشیر بەرفراوانە، بەڵام تیرۆریستان بۆمبێكی زۆریان چاندوون".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی: "لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە پێشڕەویی باش كراوە و، تیرۆریستانیش گورزی كوشندەیان بەر كەوتووە، بەڵام بۆمبەكانیش رۆڵێكی سەرەكییان لە پێشپێشڕەوییەكاندا هەیە".
جێی ئاماژەیە، گوندی بەشیر گەورەترین گوندی سنووری كەركووكە و دەكەوێتە باشووری ئەو شارەوە.
نەشوان بەرزنجی




