دەزگای بارزانی، بووە ئەندامی راوێژكاری ئابووریی كۆمەڵایەتی لە UN

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی مانگی 4ـی 2016ـی كارگێڕی و هەماهەنگی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیار درا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو رێكخراوێكی ناحكوومی ببێت بە ئەندامی راوێژكاری تایبەت لە ئەنجوومەنی ئابووریی كۆمەڵایەتی (ئیكۆسۆك- ECOSOC).
لەگەڵ ئەوەی تەمەنی كاركردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەنیا دە ساڵە، بەڵام بە هۆی بێلایەنی و زۆریی پڕۆژە خێرخوازییەكانی و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی كاری مرۆیی و رەچاوكردنی بنەما یاساییەكانی مافی مرۆڤ، جێگەی سەرنجی ئاژانسەكانی UNبووە. هەر ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی كە لە دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژكاری ئابووریی كۆمەڵایەتی (ECOSOC) كە بەشێكی تایبەتە بە رێكخراوە ناحكوومییەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا و 19 وڵات تێیدا ئەندامی بڕیاردەرن، كە رۆژی 13/4/ 2016 بەڕێوە چوو، بە كۆی دەنگ بڕیاریان دا دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلەی ئەندامی راوێژكاری تایبەتی لەم ئەنجوومەنەدا پێ بدرێت.
بەئەندامبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەنجوومەنی ئابووریی كۆمەڵایەتی (ECOSOC) بە مانای بەشداریكردن لە سەرجەم پڕۆژە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانی UNدێت، چونكە لەمڕۆ بەدواوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەتوانێت لە سەرجەم كۆبوونەوەكانی UNلە هەر سێ بارەگای سەرەكیی (نیویۆرك، جنێف و ڤیەننا) بەشداری بكات و را و سەرنجی خۆی لەسەر بابەتی كۆبوونەوەكان بخاتە روو، هەروەها مافی ئەوەیشی هەیە نامەی تایبەت لەسەر بابەتێكی دیاریكراو (مرۆیی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و كولتووری) ئاڕاستەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات و بەپێی گرینگیی بابەتەكە، بخرێتە ئەجیندای كۆبوونەوەكانیUNــەوە. هەروەها سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپێرێت بۆ ئامادەكردنی راپۆت و توێژینەوە لەسەر بابەتێكی دیاریكراو و پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكانی بكات.
هەر لە چوارچێوەی بەئەندامبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەنجوومەنی ئابووریی كۆمەڵایەتی UNـدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی مافی ئەوەی هەیە ساڵانە راپۆرت لەسەر یەك لەو بابەتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داون پێشكەشی UNبكات و ئەگەر پێویست بكات كۆدەنگیی لەسەر كۆ بكاتەوە.




