عارف تەیفوور: چەكی كیمیایی بەكار نەهاتووە.. ژمارەیەكی زۆر تیرۆریست كوژراون

خازر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری خازر دەڵێ، لەو میحوەرەدا تیرۆریستانی داعش هێرشێكی فراوانیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام هەر زوو تێك شكێندران و، ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانیش كوژراون. رەتیشی كردەوە كە، لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا داعش چەكی كیمیایی بەكار هێنابێت.
(عارف تەیفوور)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ناوچەی وەردەك و تەلئەسوەد و حەسەن شام لە میحوەری خازر، تیرۆریستانی داعش هێرشێكی فراوانیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێزی پێشمەرگە ئازایانە بەرپەچیان داوە و هێرشەكەیان تێك شكاندن و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن".
(تەیفوور) گوتیشی، لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانی داعش كوژراون و تەرمێكی زۆریشیان لە ناوچەی مەحرەم كەوتوون و داعش هەوڵی بردنەوەیان دەدات، بەڵام ناتوانێت، چونكە پێشمەرگە بە وردی چاودێرییان دەكات.
لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شەڕەكەی ئەمڕۆ لەلایەن داعشەوە، (عارف تەیفوور) گوتی، بە هیچ شێوەیەك لە شەڕەكەی ئەمڕۆدا چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە بەكار نەهاتووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە ئێستادا داعش تێك شكێندراون، بەڵام تەقە و بۆردوومانكردن بەردەوامە.
بڵند ئیبراهیم




