فازڵ میرانی: یەكی ئایار، دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەی هاوسۆزی لەگەڵ كرێكاراندا

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، ڕایگەیاند: "ئەم رۆژە، دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەی هاوسۆزی لەگەڵ ئێوەدا، لەگەڵ خەبات و تێكۆشانتان بۆ ئەو پرەنسیپانەی خەباتتان لە پێناویدا كرد".
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بە بۆنەی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشكەشی ئێوە كرێكارانی ماندوویینەناس دەكەم لە هەر شوێنێك بن و بە تایبەتیش كرێكارانی عێراق و كوردستان.
لەم جەژنەدا، رادەوەستین لەگەڵتان بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییەوە لە رێڕەوی خەبات و تێكۆشانی ئەم چینە تێكۆشەر و خەباتگێڕە لە دژی زۆرداری و قۆرخكاری.
یادكردنەوەی ئەم رۆژە، بیرخستنەوەیە بۆ خەباتی بێوچانتان لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و یەكسانیدا، دوور لە شەڕ و هەژموون و پاوانخوازی.
ئەم رۆژە، هەردەم دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەی هاوسۆزی لەگەڵ ئێوەدا، لەگەڵ خەبات و تێكۆشانتان بۆ ئەو پرەنسیپانەی خەباتتان لە پێناویدا كرد و هەر لەم رێگایەیشدا هەوڵی باشتركردنی باری گوزەرانی خۆتان دەدەن بە ژیانێكی ئاشتیانە و هێنانەدیی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی.
سڵاو و رێز بۆ هەموو كرێكارانی كوردستان كە شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە سەنگەری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش هاوبەشن، لە ئاوەدانیی وڵات و پاڵپشتیی لۆجستی برایانی پێشمەرگەیان لە رێگەی دروستكردنی شوورەی تایبەت بە پاراستنی پێشمەرگە و خەندەق و كردنەوەی رێگەی هاتوچۆ و گەیاندنی یارمەتی و پاڵپشتی و چەك بۆ برایانی پێشەرگەیان، ئێمەیش هەمیشە شانازی بە دەستكەوتەكانیانەوە دەكەین لەسەر ئاستی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە لە كوردستان.
سڵاو لە گیانی خۆڕاگری و سووربوون لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات و تێكۆشان بۆ ئاییندەیەكی باشتر كە تێیدا بنەماكانی دادپەروەری سەقامگیر بێت و ئاڵای ئازادی و دیموكراسییەت تێیدا بشەكێتەوە لە پێناوی جیهانێكی دوور لە قۆرخكاری و جیاكاری و لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو گرفتە ئابووری و داراییەكان.
لەوەیش دڵنیا بن بژاردەی حكوومەت لەوەدایە كە بەسەر هەموو ئەو گرفت و تەنگوچەڵەمانەدا سەر بكەوێت و ژیانێكی پڕ لە خۆشی بۆ ئەم چینە بێنێتە دی.
براتان
فازڵ میرانی




