٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد حوسێن: بەغدا قه‌رزدارى كەركووكه‌.. وەزارەتی نەوت سەركەوتوو نەبووە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق زیاتر لە ملیارێك دینار پارەی پترۆدۆلار قەرزای شاری كەركووكە و، ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێكیشە ناردنی نەوتی كەركووكی ڕاگرتووە.

(فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی گوت: "زیاتر لە مانگ و نیوێك تێدەپەڕێت بەسەر ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، بە تایبەتی ئەو كێڵگانەی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكوورن كە بە فەرمانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگیراوە، خۆی رۆژانەیش 150 هەزار بەرمیل دەردێنێت، بەڵام ڕەوانەی ناكات، بابەتەكەیش سیاسییە و بۆ گوشارخستنەسەر هەرێمی كوردستانە تا لە رووی ئابوورییەوە زیاتر تووشی قەیران بێت، لە هەمان كاتیشدا كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر ئابووریی شاری كەركووك، چونكە زیاتر پشتمان بەستووە بە پارەی پترۆدۆلار كە حكوومەتی عێراق ماوەی دوو ساڵە نەیداوە و بۆ ئێمە كاریگەی خراپی دەبێت و لەگەڵ وەزارەتی نەوت بێئومێد بووین، چونكە لە چەند ساڵی ڕابردوودا كاری وەزارەتی نەوت و سیاسەتەكەی سەركەوتوو نەبووە لەگەڵ شاری كەركووكدا".

(حوسێن) راشیگەیاند: "هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا و، وەكو ئیدارە و ئەنجوومەن پێشتریش هەوڵی خۆمان داوە و بابەتەكەیش تەكنیكی نییە تا چارە بكرێت، وەكو ئەندامێكی ئەنجوومەنیش ئومێدم بەم وەزارەتی نەوتە نەماوە كە بە عەقڵییەتێكی مەركەزی كار دەكەن و بڕیارێك نادەن لە بەرژەوەندیی خەڵكی شاری كەركووك بێت، بەڵكە تەنیا دەیانەوێت سوودی خۆیانی تێدا بێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رونیشی كردەوە: "حكوومەتی عێراق 6 مانگی ساڵی 2013 و تەواوی ساڵی 2014 و ساڵی 2015ـیش تا كۆتایی مانگی 6، پارەی پترۆدۆلاری كەركووك قەرزدارە كە دەكاتە زیاتر لە‌ ملیارێك و 200 ملیۆن دینار و، چەندین جار داوای ئەو بڕەپارەیەمان كردووە، هەروەها داوایشمان لە نوێنەرانی خۆمان وەكو پەڕلەمانتاران لە بەغدا كردووە و گوتوویانە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێك كە بەلایەنی كەمەوە بەشێكی خەرج بكەن، دەزانین عێراق لە قەیرانی ئابووریدایە، بەڵام با ئەوەی بۆ پارێزگای بەسڕە خەرجی دەكەن، بۆ كەركووكیشی ڕەوانە بكەن".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار