ئەنجوومەنی نوێنەران، شنگالی وەكو شارێكی وێرانكراو ناساند

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا شنگالی وەكو شارێكی وێرانكراو ناساند و بوو بە یاسا.
(د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە پاش ئەوەی وەكو كورد ژمارەیەكی زۆر لە واژۆمان كۆ كردەوە بۆ ئەوەی شاری شنگال بە شارێكی وێرانكراو دیاری بكرێت، ئەوە بوو لە دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگێكی باشی هێنا و، پەرلەمانتارێكی زۆریش لەگەڵ ئێمەدا بوون و، شاری شنگال وەكو شارێكی وێرانكراو ناسێنرا و بوو بە یاسا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "هەرچەندە ئێستا هیچ ناكرێت، بەڵام بۆ كاتێكی تر وەكو یاسایەك دەمێنێتەوە و، حكوومەتی عێراق قەرزداری ئەو شارە دەبێت و، هەرچییەك بۆ شارێكی دیكە بكرێت، دەبێ بۆ ئەو شارەیش بیكەن".
نەشوان بەرزنجی




