په‌كه‌كه باڵاخانە حكوومییه‌كانی شنگالی چۆڵ نەکردووە.. منداڵ ده‌خه‌ڵه‌تێنن

شنگال-KDP.info- سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند، تا ئێستا په‌كه‌كه ئاماده نییه باڵاخانەی فه‌رمانگه حكوومییه‌كانی شنگال چۆڵ بكات، هه‌روه‌ها "به قسه‌ی خۆش و درۆ منداڵانی ئێزدی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و ده‌باته ڕیزه‌كانی خۆیانه‌وه."
(سه‌یدۆ چۆتۆ) بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ڕزگارکردنی شنگال، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال "یه‌به‌شه" كه له‌نێو فه‌رمانگه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی شنگال، په‌روه‌رده، پاسه‌وانی سنوور و بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی، له سه‌نته‌ری شارۆچكه‌ی شنگال جێگیر بوونه، ئاماده نین چۆڵیان بكه‌ن"، هەروەها گوتی "پێش چه‌ند مانگێك لیژنه‌یه‌كمان پێك‌هێنا و سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌مان كرد كه له ناو بیناكانی شنگالدا بوون، خۆشبه‌ختانه هه‌موو حزبه‌كان به‌پیر بانگه‌وازیی ئێمه‌وه هاتن، ته‌نیا یه‌په‌شه نه‌بێت، كه ئه‌وان رایانگه‌یاندـ ئێمه ته‌نیا به فه‌رمانی به‌غدا ئه‌و بینایانه چۆڵ ده‌كه‌ین، به‌پێی یاسا ئه‌و هێزه نه‌ك هه‌ر نابێت له شنگال بێت، به‌ڵكو نابێت له هه‌رێمی كوردستان بێت، چونكه شوێنی كار و خه‌باتی ئه‌وان باكووری كوردستانه، تا ئێستایش ئه‌وان ئاماده نین چۆڵ بكه‌ن و هه‌ر له‌ناو ئه‌و بینایانه‌دا ماونه‌ته‌وه."
گوتیشی: "په‌كه‌كه له چیای شنگال به بیانووی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه، قوتابیان ڕازی ده‌كات بچنه ڕیزه‌كانییه‌وه، به قسه‌ی خۆش و درۆ، منداڵان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و، ده‌یانبه‌نه ڕیزه‌كانی خۆیانه‌وه، جا به ئاسانی مێشكی منداڵان ده‌شۆنه‌وه.
رابین شێروانی




