"تێكچوونی دۆخی سیاسی، هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بۆ تێكچوونی دۆخی سیاسی دەگەڕێتەوە، بۆیە هەر كاتێك دۆخی سیاسی ئاسایی بێتەوە، نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بۆ ئەو دۆخە سیاسییە دەگەڕێتەوە كە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەگەر دۆخی سیاسی ئاسایی بێتەوە، ئەوكات نرخی دۆلاریش كەم دەبێتەوە و كێشەی بەرزبوونەوەی دۆلار نامێنێێت".
(سلێڤانەیی) گوتیشی، ئەگەر حكوومەت پێك بێت و بارودۆخی پەرلەمان وەكو پێشوو ئاسایی ببێتەوە، ئەوكات نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی وەكو پێشووی لێ دێتەوە و دەبێتە ١٠٠دۆلار بە ١٢٣هەزار دینار".
ماوەیەكە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرز بووەتەوە و ئەمەیش كاریگەری لەسەر گرانیی بازاڕ دروست كردووە.
بڵند ئیبراهیم




