جەودەت نەجاڕ: شەڕەكەی خورماتوو، بۆ تێكدانی پەیوەندیی نێوان كورد و توركمانە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی ڕۆشنبیریی توركمان، رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە خورماتوو دەگوزەرێت، بۆ تێكدانی پەیوەندیی نێوان كورد و توركمانە، لە هەموویشیان گرینگتر ئەوەیە، ئەگەر بڕیار درا و ڕیفراندۆم كرا، ڕێگری لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن.
(جەودەت نەجاڕ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوەی ئێستا لە خورماتوو دەگوزەرێت، بۆ تێكدانی پەیوەندیی نێوان كورد و توركمانە، لە هەموویشیان گرینگتر ئەوەیە، ئەگەر بڕیار درا و ڕیفراندۆم كرا، خورماتوو بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، عەرەبەكان بڵێن، ئەو شەڕە لە نێوان كورد و توركمانە و ئێمە لێی بێبەرین، بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بۆیە پێویستە ئێمە زۆر بە جیددی كار لەسەر ئەو پرسە بكەین، چونكە دروستبوونی حەشدی شەعبیی تورمانی لە دەرەرەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، دیاردەی لابەلا دروست دەكات و نابێت ڕێگا بدرێت توركمانەكان هان بدرێن لە ڕێگای حەشدی شەعبییەوە بكرێنە دوژمنی كورد، نابێ پێكەوەژیان بخرێتە ژێر پرسیارەوە، چونكە پێشمەرگە توانیویەتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت".
(نەجاڕ) گوتیشی: "گوتەكانی (سەرۆك بارزانی) هەموو كاتێك گوتەی خێر و خۆشی و ئاشتین، هەموو وەختێك دەیەوێت پێكهاتەكان وەك برا پێكەوە بژین، بۆیە تەداخولكردنی (سەرۆك بارزانی) لەو بابەتەدا زۆر گرینگە و، دەبێت لایەنەكان بە پیر بانگەوازی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە و بێن و شەڕەكە ڕابگرن".
رابین شێروانی




