لە لالش، كۆنفڕانسێك بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بەڕێوە دەچێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم، كۆنفڕانسێك بە ناوی (لالش بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بۆ گشت ئایین و پێكهاتە و نەتەوەكان) لەلایەن گرووپی ئاشتیی ئافرەتانی سەركردەوە لە لالش بەڕێوە دەچێت، ئەندامێكی ئەو گرووپەیش ڕایدەگەیێنێت، دەیانەوێت ئەو پێكەوەژیانەی پێشتر لەو سنوورەدا هەبووە، بە كردەیی جێبەجێی بكەن.
(شیرین ئامێدی)، باڵیۆزی ئاشتی و ئەندامی گرووپی ئاشتیی ئافرەتانی سەركردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، كۆنفرانسێك لە ژێر ناوی (لالش بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بۆ گشت ئایین و نەتەوەكان) بەڕێوە دەبەین و، هەڵبژاردنی لالشیش وەكو پەرستگا، بۆ ئەوەیە مەڵبەندی پێكەوەژیانە و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووەی كە پێكەوەژیان هەبووە لە نێوان گشت ئایین و نەتەوەكاندا لەم ناوچەیە و، بە تایبەتی لە دوای ئازادكردنی شاری مووسڵ كە چۆن ئێمە رۆڵ ببینین و ئەو پێكەوەژیانە بە كردەیی جێبەجێ بكەین لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە كە قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانمانە لە روویی مەعنەویی و یاسایی و ناساندنی تاوانەكەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا".
(ئامێدی) گوتیشی: "لە رووی رۆشنبیرییشەوە دەمانەوێت نەوەی داهاتوو بە جۆرێك پەروەردە بكەین كە جیاوازی نەكات لە نێوان پێكهاتە و ئایینەكاندا، بە تایبەت لە ناوچە تازەئازادكراوەكان و ئەوانەی ئازاد دەكرێن، بۆ ئەم مەبەستەیش بڕیارمان داوە چەندین خول بكەینەوە، هەروەها رۆڵی ژنان گرینگە و دەمانەوێت ببنە ناوەندی بڕیار لە داهاتوودا، چونكە رۆڵی باڵایان هەیە و لەهەر شەڕ و كێشەیەكدا زەرەرمەندی سەرەكین، نەك هۆكاری كێشە بن".
دەشڵێت: "كۆنفڕانسەكە ساڵی دووەمە بەڕێوە دەچێت و ماوەی رۆژێك دەخایەنێت و دواتر بۆردێك دروست دەكەین بۆ ئەوەی كۆنفڕانسی سێیەم لە جەرگەی شاری مووسڵ ئەنجام بدرێت و گشت پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانی مووسڵ تێیدا بەشدار بن".
نەشوان بەرزنجی




